رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە شەش کاژێردا لە خورماتوو، 300 برینداربوون بە لەخۆدان لە رێوڕەسمی عاشوورادا تۆمارکراون.
رۆژی هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، شێروان عەبدولڕەحیم، گوتەبێژی نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 03:30ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 08:30ی بەیانی، 300 برینداری مەراسیمی عاشوورا لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراوە.
گوتەبێژی نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو دەڵێ، "سەرجەم ئەو بریندارانە بەهۆی لەخۆدان بە (ساتوور)ـەوە بوون کە لە کەللـەی سەری خۆیان داوە."
شێروان عەبدولڕەحیم گوتیشی، "هەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان قووڵ بوو، بەڵام بەگشتی دۆخی تەندروستییان جێگیربوو و گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە."
بە گوتەی شێروان عەبدولڕەحیم، دوای وەرگرتنی رێکارە پزیشکییەکان، سەرجەم بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
رۆژی 10ی موحەڕەم بە (عاشوورا) ناسراوە، لای موسڵمانانی شیعەمەزهەب گەورەترین رۆژی ماتەمینییە. لەم رۆژەدا یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، کوڕی عەلی و فاتمەی کچی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و 72 کەس لە یار و کەسوکاری لە ساڵی 61ی کۆچی ( 680ی زایینی) لە بیابانی کەربەلا دەکرێتەوە.
لە یادی رێوڕەسمەکانی (عاشوورا)دا شیعە مەزهەبەکان بە سینە کوتین و لەخۆدان بە زنجیر و ساتوور و ئامرازی جیاواز، شیوەن بۆ شەهیدبوونی ئیمام حوسێن دەگێڕن.




