رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن ئەورووپای هەراسان کردووە و تاوەکو ئێستا سەتان کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، چ لە گەرما بێت یانیش لە ئەنجامی مەلەکردن و خنکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە.
ئامارەکان بەم شێوەیەن:
لە ئیسپانیا لە 21ی مانگەوە، واتە تەنیا لە 6 رۆژدا 327 کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی ئەو کەسانە تەمەنیان سەروو 60 ساڵ بووە و لە گەرمادا مردوون. بەرزترین پلەی گەرما لەم شەپۆلەدا 45.1 بووە بە پێوەری سیلیزی.
لە فەرەنسا 68 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 55 یان لە ئاودا خنکاون و ئەوانی دیکە بەهۆی گەرماوە تووشی نەخۆشی بوون و مردوون. بەرزترین پلەی گەرما 44.3 بووە.
لە بەریتانیا 23 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەموویان لە کاتی خۆفێنکردنەوەدا لە رووبارەکاندا خنکاون. بەرزترین پلەی گەرما 36.7 بووە.
لە ئیتاڵیا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەموویان لە گەرمادا مردوون. بەرزترین پلەی گەرما 43 بووە.
رۆژی هەینی، لە چەند بەشێکی رۆژئاوای ئەورووپا ئاهەنگەکانی سەر شەقام و فێستیڤاڵەکانی میوزیک هەڵووەشێندرانەوە و فرۆشتنی کحول سنووردار کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێ ئەو شەپۆلە گەرمایە کە 150 ملیۆن کەسی تەنگەنەفەس کردووە، بەرەو رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە بڕوات.
بەرپرسانی تەندروستی لە بەریتانیا و فەرەنسا هۆشدارییان داوە کە نەخۆشخانەکان بەدەست زۆربوونی داواکاریی فریاکەوتنەوە دەناڵێنن.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی فەرمانگەی کەشوهەوا، رۆژی هەینی پلەی گەرما لە چەند ناوچەیەکی ئەڵمانیا 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاند، کە ئەمەش ژمارە پێوانەیییەکەی پێشووی مانگی حوزەیرانی شکاندووە کە 39.6 پلە بوو.
دەستەی کەشوهەوای ئەڵمانیا (DWD) بە ئاژانسی فرانس پرێسی (AFP) راگەیاند، لە پێنج وێستگەی جیاوازی کەشوهەوادا پلەی گەرمای سەروو 40 تۆمارکراوە، لەنێویاندا لە شاری زاربروکن لە رۆژئاوای وڵاتەکە پلەی گەرما گەیشتووەتە 40.9 پلەی سیلیزی.
هەرچەندە رۆژی هەینی لە هەندێک بەشی رۆژئاوای ئەورووپا گەرماکە کەمێک دابەزی، بەڵام وڵاتانی رۆژهەڵات هۆشداری دەدەن کە دۆخە خراپەکە هێشتا لەڕێگەیە. کۆماری چیک و هەنگاریا بۆ رۆژی یەکشەممە کە پشووی هەفتەیە، زەنگی سووریان لێداوە و پێشبینی دەکرێ پلەی گەرما بگاتە 40 پلەی سیلیزی. وڵاتانی بەڵقانیش خۆیان بۆ چەند رۆژێکی سەخت ئامادە دەکەن.
زانایان دەریانخستووە کە دووبارەبوونەوەی شەپۆلی گەرما نیشانەیەکی روونی گەرمبوونی زەوییە کە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە کاربۆنییەکان لەلایەن مرۆڤەوە دروستبووە و پێشبینیش دەکرێت ئەم شەپۆلانە لە داهاتوودا زیاتر، درێژتر و بەهێزتر بن.
گومبەزی گەرمی
ویل ئیڤانز، کە تەمەنی 37 ساڵە و خواردنگەیەکی سەر شەقامی لە لەندەن هەیە، دەڵێت: "خۆزگە دەموچاوم خستبایە نێو سەتڵێکی سەهۆڵەوە."
ئیڤانز دەشڵێت، "بەدرێژایی هەفتەکە کارەکانمان زۆر سست بوون. ئێمە زۆر پشت بە ژەمی نیوەڕۆی کارمەندی نووسینگە و فەرمانگەکان دەبەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە کاردەکەن، بازاڕمان کز بووە."
بەرپرسان لە سەرانسەری ئەورووپا ئامۆژگاریی خەڵکیان کردووە ئەگەر بتوانن، لە ماڵەوە کار بکەن.
سامانسا بێرگێس، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای گۆڕانی کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، هۆکاری ئەم گەرمایە دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەیەک کە پێی دەگوترێ "گومبەزی گەرمی" کە هەوایەکی گەرمی قەتیس بووە و لە باکووری ئەفریقاوە هاتووە.
شەپۆلی گەرما بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات
شەوی پێنجشەممە، بایەک گەرماکەی لە هەرێمی بریتانی لە رۆژئاوای فەرەنسا شکاند و رۆژی هەینی ئاهێکی وەبەر خەڵکەکەدا هێنا.
ئۆرێلی سۆڤاجێر، ژنێکی تەمەن 47 ساڵی ناوچەکە گوتی، "گەڕامەوە بۆ ژیان. دواجار دەتوانین هەناسە بدەین."
بەڵام بەشێکی زۆری هۆڵەندا هێشتا لەژێر زەنگی سووردایە و بەرپرسان ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن تەنیا لە کاتی پێویستدا گەشت بکەن و زۆربەی قوتابخانەکانیش داخراون. رێکخەرانی فێستیڤاڵی میوزیکی چوار رۆژەی (Defqon.1) لە نێوەڕاستی هۆڵەندا چالاکییەکەیان هەڵوەشاندەوە.
پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، دامودەزگەکان چەندین ملیۆن دەبە ئاوی خواردنەوە ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات بەسەر خەڵکدا دابەشیان بکەن و داوایشی لە دانیشتووان کرد دەست بە ئاوەوە بگرن.
هەرچەندە خەڵکی رۆژهەڵاتی ئەورووپا پلانیان نییە چالاکییەکانیان هەڵبووەشێننەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە زۆر ئارەزووی چوونە دەرەوە لە ماڵەکانیان ناکەن.
مایلیندا، ژنێکی تەمەن 41 ساڵ، بەپەلە بەنێو پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆدا دەڕۆیشت بۆ کڕینی دەرمان پێش پشووی هەفتە، لە کاتێکدا بە چەترێک خۆی لە خۆر دەپاراست. ئەو هاووڵاتییە گوتی، "دەمەوێ هەموو ئەو شتانە بکڕم و کۆبکەمەوە کە پێویستم پێیانە بۆ ئەوەی سبەی یان دووسبەی ناچار نەبم بچمە دەرەوە."



