وەزیری تەندروستی لیستی دووەمی دیاریكردن و رێكخستنی نرخی دەرمانی بڵاوكردەوە، بەڵام هێشتا لیستی یەكەم نەگەیشتووەتە كۆگاكانی دەرمان و دەرمانخانەكان، هەرچەندە دوو هەفتەش بەسەر بڵاوكردنەوەیدا تێپەڕیوە، پرۆسەیەك ئەمە سەرەتاكەی بێت، دەبێت چۆن بگاتە مەقسەد!
خۆ دیاریكردنی نرخی دەرمان و یەكخستنی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی باشە، بەڵام ئێمە هەرگیز كێشەی نەبوونی یاسامان نەبووە، یاسا و یاساناس وەك گەڵای دار زۆرن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كەس نییە یاساكان جێبەجێ بكات.
دیاریكردنی نرخەكان زۆر شەرمنانەیە، هەندێك نرخیش زیادی كردووە ئەگەر نرخی دۆلار بە 125 هەزار دینار دانرابێت. وەزارەت بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی دەرمانی خستووەتە پێش بەرژەوەندی خەڵك. دراوی واقیعی حاڵ و فەرمیی هەرێمی كوردستان دیناری عێراقییە، بەڵام وەزارەت هاتووە لەبەر خاتری خاتران نرخەكانی بە دۆلار دیاری كردووە، بە هاووڵاتیانیش دەڵێ بۆ سەرخستنی پرۆسەكە هاوكارمان بن!
هاووڵاتی نەگبەت بۆ ئەوەی پارچەیەك حەب بكڕێت، دەبێت تەلەفۆنێكیش بۆ بازاڕی دۆلارەكە بكات، ئەوجا بزانێت زیادیان لێوەرگرتووە یان نا، ئەگەر واش نەبێت، نرخی دەرمان بە دڵی ئەو كەسە دەشكێنرێتەوە كە دەرمانەكە دەفرۆشێت.
سەرەتای ئەمساڵ، كۆمپانیای ئەپڵ بەهۆی دابەزینی نرخی رۆبڵی روسییەوە، فرۆشتنی بەرهەمەكانی لەو وڵاتە هەڵپەسارد، ئەپڵ تەنها لە نێو ئەمریكادا یەك ملیۆن هەلی كاری دابین كردووە، زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی هەیە، دووەم گەورەترین كۆمپانیای تەكنۆلۆژییە و سێیەم گەورەترین كۆمپانیای مۆبایلە لە جیهاندا، بەڵام بۆی نییە لە رووسیا بە دۆلار بەرهەمەكانی بفرۆشێ.
هەروەك تەماتەو سەوزە و نان و ماست، دەرمان پێداویستی رۆژانەی خەڵكە، چۆن دەبێت حكومەت لەبەر دڵی چەند كۆمپانیایەكی بازرگانیی هاوردەكار كە ناوی كۆمپانیای دەرمانیان لە خۆیان ناوە، نرخەكەی بە دۆلار دیاری بكات، خۆ من لە یاسا نازانم، بەڵام دیاریكردن و بڵاوكردنەوەی ئەو نرخانە بە دۆلار، شكاندنی یاسا نییە؟ چونكە وەزارەتی تەندروستی دەزگایەكی دەوڵەتییە، كوا لە كام دەزگای دەوڵەتدا دۆلار لە خەڵك وەردەگیرێت؟
نرخی زۆربەی دەرمانەكان كە فرۆشیان زۆرە و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانن، یان ئەوانەن خەڵكی زۆر كاری پێیان دەبێت، بۆ نموونە حەبی مەنع، نرخەكەیان لە نێوان 5 بۆ 15 هەزار دیناردایە، ئەگەر لە بازاڕ شمەكێك بسێنی نرخەكەی 150 دۆلاریش بێت، لە كاتی شكاندنەوەی دۆلار بە دیناردا چەند هەزارێكت لێدەخۆن، ئینجا وەرە ئەو پرۆسەیە بۆ پاكەتێك دەرمان كە نرخەكەی لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە 4.95 یان 7.04 یان 9.86 دۆلار دیاری كراوە چۆن بەڕێوەبچێت، ئێوە كە ناتوانن چەند ساڵ جارێك لە كلینیك یان دەرمانخانەیەك بپرسنەوە، چۆن دەتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكەن بەرامبەر دۆلار و سەنت، لە كاتێكدا دەرمانخانەكان بە دینار پارەكەی وەردەگرن.
گەورەترین و تاكە بیانووی وەزارەت بۆ ئەم مەسەلەی دیاریكردنی نرخ بە دۆلارە، ئەوەیە كە دەڵێ كۆمپانیاكان بە دۆلار دەیكڕن، جوانترین و سادەترین وەڵامیش كە هەموو كەس لێی تێدەگات، ئەوەیە كە مووچەو بودجە و پارەی گیرفان دینارە، ئایا كۆمپانیاكان لە پێشترن یان هەموو خەڵكی كوردستان؟
دوو كارگەی دروستكردنی دەرمانی نێوخۆییمان هەیە، ئەگەر كواڵیتی دەرمانەكانیان خراپە دایانبخەن، ئەگەریش باشە نرخەكان بكەن بە دینار، بۆئەوەی لەجێی دەرمانی سووری و ئوردنی و پورتوگالی، دەرمانی هەولێری و سلێمانی بفرۆشرێت، یان لەبەر خاتری خاتران ناتانن وای لێبكەن.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)