رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای هیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار، لە ئەنجامی کەوتنە نێو ئاوەڕۆیەک و ژەهراویبوون بە گاز، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش رزگار کران.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتیی هیت، شەوی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 9:30ـی ئەمشەو لە گەڕەکی پیشەسازیی قەزای هیت روویداوە، دوای ئەوەی کەسێک کەوتووەتە نێو ئاوەڕۆیەکەوە، چەند کەسێکی دیکە بەمەبەستی رزگارکردنی چوونەتە نێو ئاوەڕۆکەوە و بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز، سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش دۆخی تەندروستییان تێکچووە و لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانیی هیت رزگار کراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی هەرسێ هاووڵاتییەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە و چوار رزگارکراوەکەش لە نەخۆشخانەی گشتیی هیت لەژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکیدان. یەکێکیان دۆخی تەندروستیی باشتر بووە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە، بەڵام سێ کەسەکەی دیکە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
هەر لەوبارەیەوە، نواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمەکانی رزگارکردنی بەرگریی شارستانی توانیویانە سێ هاووڵاتی لەنێو ئاوەڕۆکەدا دەربێنن کە لە گەڕەکی پیشەسازیی قەزای هیت لە قۆناخی نۆژەنکردنەوەدا بوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، راستەوخۆ دوای دەرهێنانیان، تیمەکانیان فریاگوزاریی سەرەتایی و بووژاندنەوەی دڵ و سییەکانیان بۆ ئەنجامداون، چونکە بەهۆی هەڵمژینی گازی میسان و گازە ژەهراوییەکانی نێو ئاوەڕۆکەوە تووشی تەنگەنەفەسیی تووند ببوون، کە دەبنەهۆی نەمانی ئۆکسجین، لەهۆشچوون و وەستانی کۆئەندامی هەناسە لە ماوەی چەند خولەکێکدا؛ سەرەڕای گەیاندنی خێراشیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی ناجێگیری و مەترسیداریی دۆخی تەندروستییانەوە هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق هۆشداریش دەدات لە مەترسیی بەجێهێشتنی ئاوەڕۆ و چاڵەکانی نۆژەنکردنەوە بە کراوەیی و بەبێ سەرقەپی تووندوتۆڵ یان بەربەست و هێمای فسفۆڕیی ئاگادارکەرەوە، بەتایبەتی لە شەواندا کە ئاستی بینین کەم دەبێتەوە، چونکە دەبنە تەڵەی کوشندە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هیچ کەسێک بەبێ ئامێری پاراستنی هەناسەدان و پێوەری رێژەی گازە ژەهراوییەکان نەچێتە نێو ئەو شوێنە داخراوانەوە.



