رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە بڕیاری دا قوتابخانەی سێ گوندی سنووری شاری دیواندەرەی پارێزگاکە بۆ سێ رۆژ بکاتە پشوو، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هەڵامەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی خێرای هەڵامەت لەنێو قوتابیان، بڕیارمان دا قوتابخانەکانی سێ گوندی دیواندەرە بۆ سێ رۆژ بکرێنە پشوو."
بە گوێرەی پەروەردەی سنە، 30٪ قوتابیانی ئەو سێ گوندە تووشی هەڵامەت بوون؛ بۆیە پێویستە لەو قوتابخانانە بکرێتە پشوو.
پەروەردەی سنە ناوی گوندەکانی ئاشکرا نەکردووە.
پەروەردەی سنە باس لەوە دەکات کە توانای وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان سنووردارە و بۆ پاراستنی تەندروستیی قوتابیان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاکە، ئەم رێکارە خۆپارێزییەیان گرتووەتەبەر.
پەروەردەی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی دیکەی پارێزگاکە کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندن تێیاندا بەردەوامە.




