رووداو دیجیتاڵ
پارتی (یاشار)ـی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی وڵاتەکە، یەکەم رێککەوتنی هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی ئۆپۆزیسیۆنی (ئیسرائیل ماڵمانە) واژۆ کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو.
پارتی یاشار رایگەیاند، گادی ئایزنکۆت لەگەڵ ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی (ئیسرائیل ماڵمانە) کۆبووەتەوە و دواتر لەسەر واژۆکردنی پەیماننامەیەکی هاوپەیمانی رێککەوتوون.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، لە هەڵبژاردنەکەی 27ـی تشرینی یەکەمدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی دیکەش رێگەیەکی روونی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەبەردەمدا بێت.
پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل (کنێست) لە 10ـی تشرینی دووەمدا بەبێ پێکهێنانی حکومەتی نوێ سوێندی یاسایی خوارد، دواتریش ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ئایزنکۆتی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد و نەتەنیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.
دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان (120 کورسی)
لە پەرلەمانی 120 کورسیی ئیسرائیلدا، هاوکێشەی هێزەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بووە:
بەرەی نەتەنیاهوو: هاوپەیمانیی پارتی لیکود لەگەڵ راستڕۆ تووندڕۆکان و پارتە ئایینییە ئۆرسۆدۆکسەکان تەنیا 53 کورسییان بەدەستهێناوە و زۆرینەیان لەدەستداوە.
پارتی یاشار (گادی ئایزنکۆت): خاوەنی 21 کورسییە.
پارتی ئیسرائیل ماڵمانە (ئەڤیگدۆر لیبەرمان): خاوەنی 7 کورسییە.
بەرەی گۆڕانکاری: ئایزنکۆت و هاوپەیمانەکانی (بە لیبەرمانیشەوە) تەنیا 48 کورسییان هەیە.
پارتە عەرەبییەکان: 19 کورسییان هەیە و لە دژایەتیکردنی تووندی نەتەنیاهوودا لەگەڵ ئایزنکۆت هاوڕان.
پارتی دیموکراتەکان (چەپ): خاوەنی 8 کورسییە.
ئاڵۆزیی دانوستاندنەکان و وادەی یاسایی
رێککەوتنی نێوان ئایزنکۆت و لیبەرمان تا رادەیەک جێگەی سەرسوڕمان بوو، چونکە لیبەرمان پێشتر دژایەتیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە پشتیوانیی پارتە عەرەبییەکان یان پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی لەگەڵ نەتەنیاهوو دەربڕیبوو، هەرچەندە گوتوویەتی، ئامانجی سەرەکیی دوورخستنەوەی نەتەنیاهووە لە دەسەڵات.
بەپێی وادە 28 رۆژییەکەی، ئایزنکۆت تاوەکو 6ـی کانوونی یەکەمی 2026 مۆڵەتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ 14 رۆژی دیکە بکات. ئەگەر شکست بهێنێت، ئەوکات سەرۆکی ئیسرائیل ئەرکەکە دەسپێرێت بە نەتەنیاهوو؛ ئەگەر هیچ لایەک نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام دەدرێت.
هاوکات گفتوگۆ لە نێوان ئایزنکۆت، بەشێک لە هاوبەشەکانی لە (بەرەی گۆڕانکاری) و پارتی لیکود بەردەوامە بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی. ئەمەش وایکردووە پارتی دیموکراتەکان (8 کورسی) بە جیا رایبگەیێنێت کە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئایزنکۆت هەڵدەپەسێرێت، بەهۆی پێشکەوتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ لیکودی نەتەنیاهوو و بنبەستبوونی دانوستاندنەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت.
یائیر گۆلان، سەرۆکی دیموکراتەکان رایگەیاندووە، ئەو پێکهێنانی حکومەتێکی بێ نەتەنیاهوو و بە بەشداریی پارتە عەرەبییەکانی پێ باشترە.



