رووداو دیجیتاڵ
میدیای سەر بە بزووتنەوەی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانی سعودیە هێرشیان کردووەتە سەر شاری بەندەریی حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن، هاوکات گرووپەکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی سعودیە لە دەریای سوور دەکات.
بەیانیی چوارشەممە 25-11-2026، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە کە دژی حووسییەکان دەجەنگێت، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل لە حودەیدە کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن.
میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، هێرش کراوەتە سەر بەندەری حودەیدە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانە گیانییەکان رانەگەیاندووە؛ ئاماژە بەوەشکراوە، "هێرشی چڕ بۆ سەر شاری حودەیدە و فڕینی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی شارەکەدا بەردەوامە" و هێزەکانی سعودیە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناوچەکەشیان کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی لە سعودیە کرد و لە تەلەگرام نووسیویەتی: "ئەگەر دووژمن هەڕەشەکانی بۆ بۆردوومانکردنی بەندەری حودەیدە جێبەجێ بکات، ئەوا بەندەری جەددە و سەرجەم بەندەرەکانی دیکەی دووژمنی سعودی لە کەناراوەکانی دەریای سوور دەبنە ئامانجی هێزەکانمان."
سەریع هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی سڤیل، "دەستبەجێ ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن و لێیان دووربکەونەوە" و داواشی لە "هەموو کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کرد دەستبەجێ کەشتییەکانیان لەو بەندەرانە بکێشنەوە."
ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە دێت رۆژی سێشەممە 24-11-2026، بەرزترین تاوەری پایتەختی سعودیە (ریاز) بۆ دووەم جار لە ماوەی چەند رۆژێکدا کرایە ئامانج و بەهۆیەوە 11 کەس بریندار بوون. هاوپەیمانیی عەرەبی ئەو هێرشەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" باسکرد و حووسییەکانی پێ تۆمەتبار کرد.
ئەو باڵەخانەیە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش هێرشی کرابووە سەر و یەکێکە لەو ئامانجە دیارانەی کە لە دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە مانگی تەممووزی رابردووەوە کراونەتە ئامانج.



