رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەحرێن لە نوێترین پێداچوونەوەیدا بە لیستی نیشتمانیی تیرۆری وڵاتەکەیدا، ناوی چوار عێراقی خستووەتە لیستەکەوە، دیارترینیان شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری و فەرماندەی پێشووی کەتیبەکانی ئیمام عەلییە.
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەحرێن کە لە ژمارەی نوێی رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری ژمارە 02-2864 لە دانیشتنی 9ـی تشرینی دووەمی 2026 پەسند کراوە و تایبەتە بە نوێکردنەوەی لیستی تیرۆری نیشتمانیی شانشینەکە.
لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا، 10 کەسایەتی و شەش قەوارە زیادکراون، یەک قەوارە سڕدراوەتەوە، هەروەها پێداچوونەوە و راستکردنەوە بۆ زانیارییەکانی 219 کەس و 167 قەوارە لە لیستەکەدا کراوە.
چوار عێراقی لە لیستەکەدان
لە نێو ئەو ناوانەی لە لیستی نوێکراوەی تیرۆری بەحرێندا هاتوون، ناوی چوار عێراقی دەبینرێن:
- مەیسەر عەلی مووسا عەبدوڵڵا جبووری، ناسراو بە (ئەبوو ماریا قەحتانی)، سەرکردەی پێشووی رێکخراوی قاعیدە و بەرەی نوسرە کە ساڵی 2024 لە سووریا کوژرا، بە سیفەتی (کۆچکردوو) خراوەتە لیستەکەوە.
- شبل موحسین زەیدی، ناسراو بە ناوەکانی (شبل زەیدی، شبل موحسین ئەبوو ئەیاد زەیدی، حەجی شبل موحسین، مەهدی جەعفەر ساڵح، شبل حەجی، حاج شبل)، کە لە ساڵانی رابردوودا فەرماندەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی بووە و ئێستاش سەرۆکایەتیی (هاوپەیمانیی خەدەمات) دەکات.
- ئیدریس عەلی عەوەز فای، لە لیستەکەدا تۆمەتبار کراوە بە دابینکردنی پارە و هاوکاریکردنی دارایی بۆ رێکخراوی داعش.
- ئیبراهیم عەلی عەوەز فای، برای ئیدریسە و ئەویش بە تۆمەتی دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ رێکخراوی داعش ناوی لە لیستەکەدا هاتووە.
سەبارەت بە بوونی ناوی شبل زەیدی لە لیستی تیرۆری بەحرێن، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانێتیی خەدەمات کە شبل زەیدی سەرۆکایەتیی دەکات بە رووداوی راگەیاند: "بابەتەکە هیچ بەلامانەوە گرنگ نییە بۆیە نامانەوێ هەڵوێستیش لەبارەیەوە دەربڕین."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکەمجار نییە شبل زەیدی دەخرێتە لیستی تیرۆری بەحرێنەوە و لە ساڵی 2023ـوە ئەو بابەتە هەیە.
گرووپ و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە عێراق
جگە لە ناوەکان، لیستەکەی بەحرێن چەند قەوارە و گرووپێکی پەیوەندیدار بە عێراقیش لەخۆدەگرێت، لەوانە: (ئەنسارولئیسلام، کەتیبەکانی رێکخراوی قاعیدەی کوردی)، (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام - داعش" و، کۆمپانیای (ئینما بۆ ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی عێراق / لوبنان).
لە لیستی تیرۆری بەحرێندا، بێجگە لە عێراقییەکان، کەسایەتی و قەوارەی سەر بە چەندین وڵاتی دیکەی وەک قەتەر، یەمەن، لیبیا، میسر، لوبنان، ئێران و سووریاش تۆمار کراون.



