رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گفتوگۆیەکی توند لەنێوان بەرپرسی هێزی دەریایی ئەمریکا و ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەدا دروست بوو. ئەندامەکەی ئەنجوومەن ئیدارەی وڵاتەکەی بە هۆکاری دروستبوونی رێگری لە تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەکانی بابولمەندەب و هورمز دانا، بەرپرسی هێزی دەریایی ئەمریکاش دەڵێت، تێپەڕین بەو ناوچانەدا زۆر مەترسیدارە و تێچووی بیمەی هەر کەشتییەک بەراورد بە پار، 118 هەزار ٪ بەرزبووەتەوە.
هونگ کاو، بەرپرسی هێزی دەریایی ئەمریکا کە سەر بە وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتەیە، سەبارەت بە دۆخی تەنگەکانی هورمز و بابولمەندەب دەڵێت، "دەکرێت بەو تەنگانەدا تێپەڕیت، بەڵام زۆر مەترسیدارە."
لە وەڵامی ئەو گوتانەی کاودا، ئیلیسا سلۆتکین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات، گوتی، "رێک لەبەرئەوەیە (جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران)، کە ساڵێک لەمەوبەر لە وەها رۆژێکدا نرخەکانی بیمە نزمبوون. ساڵێک لەمەوبەر لە وەها رۆژێکدا کەشتییەکی بازرگانی کە ئاڵای هەر وڵاتێکی لەسەر بووایە، دەیتوانی بە سەرکەوتوویی بە بابولمەندەب و تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت بەبێ یاوەریی هێزی دەریایی."
لەوێدا وەزیر قسەکانی بە سلۆتکین بڕی و گوتی، "نرخی ئەو بیمەیە ساڵێک لەمەوبەر 54 هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ 64 ملیۆن دۆلارە تەنیا بۆ پەڕینەوەی یەک کەشتی."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە 2ـی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و دەڵێت، هەر کەشتییەک بەبێ رەزامەندییان بەو تەنگەیەدا تێپەڕێت بە ئامانجی دەگرن.
لە نێوەڕاستی تەممووزی ئەمساڵەوە، حووسییەکان گەمارۆیان بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاندووە کە لەلایەن سعودیەوە خاوەندارێتی دەکرێن. بەگوێرەی حووسییەکان، ئەم گەمارۆیە بەرامبەر گەمارۆی ریازە بۆ سەر بەندەر، فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییە وشکانییەکانیان.

