رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز و کارمەندیان بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان بڵاوکراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بانگەشەیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە لەم دواییانەدا کارمەند و سەربازانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بریندار بوون و پێویستیان بە گواستنەوەی پزیشکی هەبووە. ئەمە هەڵەیە."
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ کارمەند و سەربازێکی ئەمریکی لە هیچ هەوڵێکی هێرشکردنی ئێراندا لەم هەفتەیەدا بریندار نەبووە. هەموو ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا سەلامەتن و ئاگاداریان لێیە. ئەو هەژمارانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، لە بێئومێدیدا بە بەردەوامی گێڕانەوە و هەواڵی ناڕاست لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکەنەوە."
ئەو راگەیێندراوەی سێنتکۆم لە ئێکس لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرێن راگەیاند و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاوکرایەوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا بریندار بوون.
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە دەستپێکی جەنگەکەوە 23 سەربازیان کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە و 865ـی دیکەش بریندار بوون.
دەقی نووسینەکەی سێنتکۆم:
بانگەشە: بانگەشەیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە لەم دواییانەدا کارمەند و سەربازانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بریندار بوون و پێویستیان بە گواستنەوەی پزیشکی هەبووە. ئەمە هەڵەیە.
راستییەکە: هیچ کارمەند و سەربازێکی ئەمریکی لە هیچ هەوڵێکی هێرشکردنی ئێراندا لەم هەفتەیەدا بریندار نەبووە. هەموو ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا سەلامەتن و ئاگاداریان لێیە. ئەو هەژمارانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، لە بێئومێدیدا بە بەردەوامی گێڕانەوە و هەواڵی ناڕاست لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکەنەوە.

