رووداو دیجیتاڵ
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و وەها پێشانی دەدات کە ئاندرێ بابیش، سەرۆکوەزیرانی چیک رەتی دەکاتەوە تەوقە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات، وەک خۆی دانەنراوە و بەشێک لە ڤیدیۆکە بڕدراوە.
رووداوەکە لە کۆتایی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هەردوو سەرۆکوەزیران لە 16ـی ئەم مانگە لە قودس- ئورشەلیم روویدا. دوای ئەوەی نەتەنیاهوو قسەکانی لەبارەی گەشتیاری و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تەواو کرد، لە شوێنەکەی رۆیشت و دەستی بۆ تەوقەکردن درێژ کرد، بەڵام لەو ساتەدا بابیش قسەکانی تەواو نەکردبوو، بۆیە بەردەوام بوو لە قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان. نەتەنیاهووش دەستی کشاندەوە و بۆ چەند چرکەیەک چاوەڕێی کرد تاوەکو بابیش قسەکانی تەواو کرد، دواتر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستی درێژ کردەوە و هەردوو سەرکردە تەوقەیان کرد.
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا ئەو بەشەیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا تەوقەکە ناکرێ.
جگە لەوە، وەرگێڕانی خراپیش بۆ بەشێک لە قسەکان کراوە. بەگوێرەی میدیای چیک، ژێرنووسێکی نادروست خراوەتە سەر ڤیدیۆکە کە گوایە بابیش ئیسرائیل بە "تیرۆر" تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا لە ڤیدیۆ رەسەنەکەدا سەرۆکوەزیرانی چیک بە زمانی ئینگلیزی باسی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "چیک وڵاتێکی زۆر ئارامە و باشترین وڵاتە بۆ وەبەرهێنان."
ئاندرێ بابیش بە یەکێک لە پشتیوانە سەرسەختەکانی ئیسرائیل لە ئەورووپا ناسراوە. سەرۆکوەزیرانی چیک لە 16 بۆ 18ـی تشرینی دووەم بە سەردانێکی سێ رۆژە لە قودس- ئورشەلیم بوو بۆ قسەکردن لەبارەی هاریکارییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلی.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی چیک، پراگ بە 125 ملیۆن دۆلار هەشت راداری پێشکەوتووی ئیسرائیلی و بە 627 ملیۆن دۆلاریش چوار پاتریی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری )سپایەردەر)ـی لە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان کڕیوە بۆ جێگرتنەوەی چەکە کۆنەکانی سەردەمی سۆڤیەت.
لە رووی دیپلۆماسیشەوە، کۆماری چیک یەکێک بووە لە یەکەمین وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کە لە ئاداری 2021ـدا بە ئامادەبوونی ئاندرێ بابیش، نووسینگەیەکی دیپلۆماسیی فەرمیی سەر بە باڵیۆزخانەکەی لە قودس- ئورشەلیم کردەوە.
