رووداو دیجیتال
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ کۆمپانیا و سێ کەسایەتیی لوبنانیدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە گواستنەوەی پارە و زێڕ بۆ حیزبوڵڵا و کارکردنیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.
رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەریەک لە رێکخراو و کۆمپانیاکانی تەعاوەن و تعاونوا، گۆڵد گڵۆباڵ و سانکاری گۆڵدیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە. سێ کەسایەتیش سزادراون کە بریتین لە حەسەن خەشەن، ئیبراهیم خەشەن و عەفیف عەبدولڕەزا شومان. هەر سێکیان بازرگان و ئاڵوگۆڕکاری دراون.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەو کەس و کۆمپانیایانە کاریان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە و لە رێگەی تۆڕێکی قاچاخچێتییەوە لە لوبنان و تورکیا، پارە و زێڕیان لە سوپای پاسدارانەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی گواستووەتەوە؛ هەروەها رێکخراوی تەعاوەن لە ژێر پەردەی کاری خێرخوازیدا پارەی بەخشەرەکانی بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی حیزبوڵڵا تەرخان کردووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ: "چاوپۆشی لە هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان لە رێگەی بریکارە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵاوە ناکەین."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و گوتی: "هەوڵەکانی ئێران بۆ پارەدارکردن، سەپاندنی هەژموون و هاوکاریکردنی گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکە پەکدەخەین."
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەرجەم سامان و موڵکەکانی ئەو کەس و کۆمپانیایانە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیان قەدەخە دەکرێ.

