رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و دەوروبەر پاڵپشتی لە پێشنیازەکەی تاران دەکەن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لە ماوەی دوو رۆژدا، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا.
عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کە نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتندا دەکات، گوتی: "کۆبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە پێشوازیی لە پێشنیازەکەی ئێران کرد و هیوادارین جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ماوەی دوو رۆژدا ببێتە هۆی راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و سەرتاسەری."
وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئابووری (ئیکۆ) گەیشتە پاکستان، کە نوێنەرانی وڵاتانی تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان، تاجیکستان، تورکمەنستان و ئۆزبەکستان تێیدا ئامادە بوون.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، تاران هاتووچۆی لە تەنگەی هورمز بە تووندی سنووردار کردووە؛ کە پێشتر رێڕەوی هەناردەکردنی پێنجیەکی نەوت و گازی جیهان بوو، ئەمەش تەنگژەیەکی گەورەی لە بازاڕی وزەدا دروستکردووە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
تاران دوای ئەوەی سەرەتا پێشنیازی کردبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئێستا دەڵێت ئامادەیە لە ماوەی تەنیا 48 کاژێردا ئەو رێڕەوە ئاوییە بە تەواوی بکاتەوە، بەو مەرجەی واشنتن سەرجەم داواکارییەکانی جێبەجێ بکات.
مەرجەکانی ئێران بریتین لە: ئازادکردنی سەرجەم سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی لە دەرەوە، هەڵگرتنی سزاکانی نەوت و کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی ئێران. هەرچەندە وڵاتانی وەک قەتەر و پاکستان هەوڵی چڕ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا داواکارییەکانی تارانی قبووڵ نەکردووە.


