رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواکاریی حکومەتی ئەڵمانیای بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتکردەوە و رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی رەوای ئێرانە و لە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) سەرچاوەی گرتووە، نەک لە وڵاتانی ئەورووپاوە.
بەقایی گوتی: "مافی پیتاندنی یۆرانیۆم شتێک نییە ئەڵمانیا، فەرەنسا یان وڵاتانی دیکە بە ئێمەیان بەخشیبێت." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رەخنەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەوەی بە "گومان و پێشبینیی ناتەکنیکی" ناوی برد لەبارەی دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شاری ئەسفەهان لە نێوەڕاستی ئێراندا.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاژانسەکە لە کاتی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستڕاگەیشتنی بە بنکە ئەتۆمییەکان لەدەستداوە، بەڵام تاران پابەندییە بنەڕەتییەکانی خۆی لە رێککەوتنی گەرەنتییە ئەتۆمییەکان هەڵنەپەساردووە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی واشنتن، بەقایی هۆشداری دا کە ئێران "هیچ گورزێک بە بێ وەڵامدانەوە جێناهێڵێت."
هاوکات باسی لەوە کرد کە دەبێت وڵاتانی کەنداو قەرەبوو بە ئێران بدەنەوە، چونکە بە گوتەی بەقایی، ئەو وڵاتانە رۆڵێکی "کارا"یان هەبووە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران.
دەقی بەشێک لە قسەکانی بەقایی:
"جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم تۆمەتانەی ئاراستەی ئێران دەکرێن هیچ بنەمایەکیان نییە. راستییەکەی ئێمە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین کۆتایی بەم تۆمەتبەخشینەوەیە بە ئێران بهێنێت، چونکە ئەم رەفتارە بە کارێکی نایاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دادەنرێت و بەرپرسیاریێتیی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فەرەنسا."
"ئێمە پابەندییە یاساییەکانمان لە رێککەوتنی گەرەنتییە ئەتۆمییەکان هەڵنەپەساردووە. زۆربەی هاوکارییەکانمان بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەرماندا سەپێندراوە راگیراون؛ بەڵام سەبارەت بە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، پشکنینەکان بە شێوەیەکی خولاو دەکرێن، چ بەپێی ئەو رێککەوتنە دووقۆڵییەی لەگەڵ رووسیادا هەمانە، یان لەسەر بنەمای پابەندییە یاساییەکانمان."
"ئەم جۆرە هەڵوێستانە گورزێکی کوشندە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەوەشێنن. مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم مافێک نییە ئەڵمانیا، فەرەنسا یان وڵاتانی دیکە پێیان بەخشیبین؛ بەڵکو ئەم مافە راستەوخۆ لە ئەندامبوونی ئێران لە پەیماننامەی (NPT) بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم سەرچاوەی گرتووە. کەواتە ئەم جۆرە هەڵوێستانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بوون و دانپێدانانی روونی ئەم مافە نابێت."



