رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران ئەندامێکی هێزی بەسیج لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامێکی بەسیج لە ناوچەی کورین لە زاهیدان و کوشتوویانە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو ئەندامەی بەسیج ناوی (نەجیب شەبەخش)ـە و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کوژراوە.
چەکدارەکان دوای هێرشەکە دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و بەو هۆیەشەوە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان بڵاوەیان پێکراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەدا رانەگەیاندووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 19 تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا لانیکەم 94 کەس کوژراون کە 18ـیان سڤیلن.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەهۆی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ لە سەرووی هەمووشیانەوە (جەیشولعەدل)، بەردەوام رووبەڕووی پێکدادانی چەکداری و هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەبێتەوە.



