رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتووە، تەقیوەتەوە و گڕی گرتووە.
دوێنێ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "کاژێرێک لەمەوبەر کەشتییەیکی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنی کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵی دەدا لە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوەوە بە تەنگەى هورمزدا تێپەڕێت، دوای بەرکەوتنی بە مینی دەریایی تەقییەوە و گڕی گرت."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکە ئاشکرانەکراوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران تەقینەوەی دوو کەشتی گواستنەوەی نەوتی لە تەنگەی هورمز راگەیاند.
رۆژی هەینی 13-11-2026 سوپای پاسداران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا دووکەڵێکی چڕ لە کەشتییەک بەرزدەبووەوە کە بە گوتەی لایەنی ئێرانی، گازی شلی هەڵگرتبوو و لە باشووری تەنگەى هورمز بەر مین کەوتبوو.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بەپێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج. لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.



