رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران دەڵێن، لە جەنگی ئەم دواییەدا بایی زیاتر لە 20 تریلیۆن تمەن، کە دەکاتە زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلار زیان بەر دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆی وڵاتەکە کەوتووە و زیاتر لە 200 شوێنیشیان تەنیا لە پارێزگای تاران بووە.
رۆژی یەکشەممە، 15-11-2026، زوڵفەقار مەهدیزادە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران بۆ کاروباری بەکارخستن وردەکاریی زیانەکانی جەنگی لەو کەرتەدا خستەڕوو.
بە گوتەی مەهدیزادە، خەمڵاندنەکانیان دەریدەخەن کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیاتر لە 20 تریلیۆن و 540 ملیار تمەن زیان بەر ژێرخانی پیشەسازیی ئاو و ئاوەڕۆ کەوتووە کە دەکاتە 77 ملیۆن دۆلار و 166 هەزار دۆلار، کە بەشەکانی کۆگاکانی ئاو، وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو، وێستگەکانی پاڵنان و هێڵەکانی گواستنەوەی لەخۆدەگرێت.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی جەنگەکەوە نزیکەی 49 هەزار هاوبەشی ئاو مەترسیی بڕانی ئاویان لەسەر بووە، بەڵام توانراوە لە ماوەیەکی کورتدا ئاویان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
زوڵفەقار مەهدیزادە روونیکردەوە کە دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران زیاتر لە دوو هەزار مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنن. هەرچەندە لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا 410 موەلیدەی نوێ کڕدراون و 516 موەلیدە نۆژەنکراونەتەوە بۆ ئەوەی توانایان بگاتە 830 مێگاڤۆڵت ئەمپێر، بەڵام ئەو موەلیدانە لە دۆخی نائاساییدا تەنیا دەتوانن 15٪ بۆ 20٪ـی پێداویستیی کارەبای ئەو دامەزراوانە دابین بکەن، جگە لەوەش کێشەی دابینکردنی سووتەمەنیش هەیە.
مەهدیزادە گوتیشی، هەر لەسەر ئەم بنەمایە، داڕشتنی سیناریۆکانی بەڕێوەبردنی بڕانی کارەبا خراوەتە نێو بەرنامەی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆوە. ئەم پلانە لە قۆناخی یەکەمدا ناوەندی پارێزگاکان و دواتریش ئەو شارانە دەگرێتەوە، کە ژمارەی دانیشتووانیان لە 20 هەزار کەس زیاترە.
ئەو بەرپرسەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران رایگەیاند، بودجەی بەرگریی شارستانی بۆ ئەمساڵ بۆ شەش تریلیۆن تمەن زیاد کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەلیڕەزا جوزقاسمی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران رایگەیاند، لە هەردوو جەنگی 12 رۆژە و جەنگی 40 رۆژەدا، زۆرترین زیان لەسەر ئاستی وڵات بەر دامەزراوەکانی پارێزگای تاران کەوتووە و زیاتر لە 200 خاڵ زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی ئاوی خەڵکدا دروست نەبووە.


