رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز بەر مینی دەریایی کەوتوون و یەکێکیان کە هەڵگری زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بووە، بە تەواوی نوقم بووە.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمییەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "لە چەند کاژێری رابردوودا، دوو نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیان بە رێڕەوێکی رێپێنەدراو لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز مینی دەریاییان پێدا تەقیوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەی گەورە و کەوتنەوەی ئاگر."
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دەشڵێت: "یەکێک لە کەشتییەکان کە نەوتهەڵگرێکی زەبەلاحە و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنییەوە لە ئاوەکانی باشووری کەنداو بە تەواوی نوقم بوو." بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا ناوی کەشتییەکان و ناسنامەی ئاڵاکانیان ئاشکرا نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) لە زاری دەسەڵاتدارانی دەریایی هیندستانەوە بڵاویکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەنداودا و پێش چوونە نێو تەنگەی هورمز، رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
دەستەکە دڵنیایی دا کە سەرجەم دەستەی کارمەندانی کەشتییەکە سەلامەتن، بەڵام قەبارەی زیانە مادییەکان و کاریگەرییە ژینگەییەکان هێشتا دیار نین.
تاران جەخت دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵی ئەم رێڕەوە ستراتیژییەی لەدەستدایە و بەردەوام ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتە هاتوچۆ دەکەن. لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات لە تەنگەی هورمز، هاوکات واشنتن لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە رێڕەوە ئاوییەکەی لە مینە دەریاییەکان پاککردووەتەوە.



