رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، واشنتن دیپلۆماسی و دانوستاندنی لە ماناکەی خۆی بەتاڵ کردووەتەوە و وەک "بۆسە بۆ هێرشی لەناکاو" بەکاریهێناوە. ئیسماعیل بەقایی رەتیشدەکاتەوە وڵاتەکەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێ و دەڵێت: "ئێران دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەکانی نابێت."
رۆژی یەکشەممە، 15-11-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە تاران، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ تایبەت بە دانوستاندن، پرسی ئەتۆمی و هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن دایەوە.
بەکارهێنانی دیپلۆماسی وەک بۆسە
ئیسماعیل بەقایی رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گرت و گوتی: "دیپلۆماسی و دانوستاندن هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ رێگریکردن لە گرژی و چەسپاندنی ئاشتی بەکاردەهێنرێن، بەڵام ئەمریکا دیپلۆماسی لە ماناکەی خۆی بەتاڵ کردووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رووداوەکانی نۆ مانگی رابردوو کرد و گوتی: "لە لایەن ئەمریکاوە لە کەمتر لە 9 مانگدا، دوو جار دیپلۆماسی بۆ بۆسەنانەوە و هێرشی لەناکاو بەکارهێنراوە. هەر لەبەر ئەمەش جیهان بە گومانێکی تەواوەوە سەیری بانگەشە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەکات و بێگومان وڵاتێکی وەک ئێران کە ئەزموونێکی زۆر سەختی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەرکییەتی ئەو ئەزموونانە بە وردی لەبەرچاو بگرێ."
وەڵامدانەوەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ
لەبارەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو، چیدیکە پێویستیان بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە و ئایا تاران هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی واشنتنە بۆ پێشنیازەکەی خۆی، بەقایی گوتی: "ئێمە سەرنجمان لەسەر کارەکانی خۆمانە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران. چاوەڕێی هیچ کەسێک ناکەین و پشت بە خۆمان و تواناکانمان دەبەستین."
بەقایی گوتیشی: "ئەوەی کە ئێران ئامرازی دیپلۆماسی بەکارهێناوە و هەمیشە گوتوویەتی هیچ ترسێکی لە چوونە نێو پرۆسە دیپلۆماسییەکان نییە، بەو مانایە نییە کە هیوامان لەسەر لایەنێک یان چەند لایەنێک هەڵچنیوە. ئێمە بە باشترین شێوە کە بزانین بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دابین دەکات، هەنگاو دەنێین."
ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوان رەفتار و کردەوەی ئەمریکا وەک دەوڵەت گرنگە نەوەک هاتن و رۆیشتنی کەس و پارتەکان و گوتی: "لە روانگەیەکەوە، نابێت جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان کەسە جیاوازەکاندا دابنرێ، چونکە وادیارە سەبارەت بەو بابەتە تایبەتەی رووبەڕووی بووینەتەوە، واتە دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، رەنگە تەنانەت لە واشنتنیش بڕیاری لەسەر نەدرێ و لە شوێنێکی دیکەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا دیاری دەکەن."
هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، بەقایی رایگەیاند، هێرشەکە لە وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکادا بووە.
بەقایی گوتی: "ئێمە گوتوومانە هیچ گورزێک بێ وەڵام ناهێڵینەوە. هیچ دەستدرێژییەکی سەربازی لەلایەن ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەوە بۆ سەر ئێران بێ وەڵام نامێنێتەوە. ئەمەمان بە کردەوە سەلماندووە و لە داهاتوویشدا بە هەمان شێوە و بەو رێگەیەی کە هێزە سەربازییە بەهێزەکانی ئێران بە گونجاوی دەزانن، هەنگاو دەنێین."
پرسی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، ئێران لە چوارچێوەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئامادە بێت پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی کاتی رابگرێ یان ئاستەکەی کەمبکاتەوە و گوتی: "ئێستا بە هیچ شێوەیەک لەو قۆناخەدا نین. ئێمە لەم ماوەیەدا لە بنەڕەتدا هیچ گفتوگۆیەکمان لەبارەی وردەکارییەکانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی نییە و نەمانبووە."
ئیسماعیل بەقائی گوتی: "سیاسەتی راگەیێندراوی ئەمریکا لە سەرەتاوە بەو ئاراستەیە بووە کە ئێران لەو مافەی کە بەپێی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی پێیدراوە پاشەکشە بکات، بەڵام ئێران لایەنێک نییە کە دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و سەروەرییەکەی خۆی بێت."


-Getty-Images_CNT-UK_Sophie-Knight.webp&w=3840&q=75)