رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، بۆ ئێمە بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە کە ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندن بکات یان جەنگ، چیدیکەش لە دۆخی (نە شەڕ و نە ئاشتی)دا نامێنین. قالیباف هۆشداریی تووند دەداتە واشنتن و رایدەگەیێنێت، "لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی ئەمریکادا، جوگرافیای جەنگەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دیاری دەکرێت و دووکەڵی جەنگی نوێ دەچێتە چاوی زۆر کەسەوە."
رۆژی یەکشەممە، 15-11-2026، محەممەدباقر قالیباف، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەماندا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دانوستاندن، ئەگەری جەنگ و توانای مووشەکیی سوپای پاسداران خستەڕوو.
قالیباف گوتی: "بۆ ئێمە بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە کە ئەمریکا دەیەوێت دانوستاندن بکات یان جەنگ. ئەگەر حەوت مەرجە لۆژیکییەکەی ئێمە کە بەرهەمی خەبات و خۆڕاگریی گەلی ئێرانە قبووڵ بکەن، رێگەی رێککەوتن کراوەیە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە واشنتن لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی نوێ لە دژی وڵاتەکەی و رایگەیاند: "ئەگەر ئەمجارە ئەمریکییەکان هەڵەیەک بکەن، جوگرافیای جەنگەکە لەلایەن توانا و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دیاری دەکرێت، نەک خواست و ئیرادەی ئەوان و، دووکەڵی جەنگی نوێش دەچێتە چاوی زۆر کەسەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکای دایەوە و قسەکانی بە "بێبەها و نائەخلاقی" وەسف کرد. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئەو جۆرە قسانە نیشاندەری داماوی و بێدەسەڵاتیی قووڵی ئەوانە لە بەرامبەر هێز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا."
قالیباف گوتیشی: "کەسێک کە لە ترسی سێبەری هەڕەشەکان، لە ماڵەکەی خۆیەوە هەڵاتووە بۆ پەناگە سەربازییەکان، باشترە لەبری سووکایەتیکردن بە نەتەوە گەورەکان، بیر لە شکستە ستراتیژییەکانی خۆی لە کەنداوی فارسدا بکاتەوە."
"شاری نوێی مووشەکی هاوکێشە ناوچەییەکانی گۆڕی"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە نمایشکردنی "شارێکی نوێی مووشەکی" لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کرد و رایگەیاند، ئەو شارە مووشەکییە لە کاتی جەنگ و لە ژێر ئاگری دووژمندا دروستکراوە و "لە دەستکەوتێکی تەکنیکی و بەرگری زیاترە، بەڵکو بووەتە هێمایەک بۆ گۆڕینی هاوکێشە ستراتیژییەکان لە ناوچەکەدا."
قالیباف ستایشی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی کرد و بە تێکەڵەیەک لە ئەزموون و ئیمانی نەوە جیاوازەکان وەسفی کرد، کە بە گوتەی ئەو "مەحاڵەکانی کردووە بە مومکین، خەوی لە چاوی ئیسرائیل زڕاندووە و هیوا و شکۆی بەخشیوە بە گەلی ئێران و منداڵانی فەڵەستین."


-Getty-Images_CNT-UK_Sophie-Knight.webp&w=3840&q=75)
