رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی یۆنان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە دیداری ستراتیژیی سلێمانی، خواست و پلانی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق باس کرد و هیوای خۆست بەمزووانە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان ئەسینا و هەرێمی کوردستان بکرێتەوە؛ تیشکیشی خستە سەر گرنگیی رێڕەوەکانی وزە، دەستێوەردانەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەبوونی بەرچاوی یۆنانییەکان لە هەرێمی کوردستان و دیدگای ئەسینا بۆ ناوچەکە، جیۆرجۆس جیۆپیترایۆس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بە تەنزەوە گوتی: "من زۆر هاوسەنگ دەبم، چونکە نامەوێت هەمووان بێن و لە سلێمانی وەبەرهێنان بکەن؛ دەمەوێت سەرەتا یۆنانییەکان بێن و وەبەرهێنان بکەن، بۆیە زۆر بە کراوەیی بانگەشە بۆ ئەم بیرۆکەیە ناکەم."
وەزیری دەرەوەی یۆنان گوتی، عێراق و بەتایبەتی سلێمانی و هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆر بەپیتن بۆ وەبەرهێنانی قەبارە گەورە لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ و گەشتیاریدا و دەڵێت: "زۆر بە هیوام لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هێڵێکی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆمان هەبێت لە نێوان ئەم هەرێمە و ئەسینادا و ئەمەش زیاتر پەیوەندیی نێوان خەڵک و خەڵک گەشە پێدەدات."
وەزیرەکە ئەم ناوچەیەی بە یەکێک لە شارستانییەتە خۆڕاگرە دەگمەنەکانی مێژوو وەسف کرد، کە هەرگیز ناکەوێتە نێو داڕزانەوە و پێشبینیی کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق و کوردانی عێراق ببنە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی وەبەرهێنەرانی جیهان.
رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و رێگرییەکانی تورکیا
سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەوڵەکانی تورکیا بۆ رێگریکردن لە پڕۆژەی کێبڵی کارەبای ژێر دەریا کە یۆنان و قوبرس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، بوونی 21 دەوڵەت و داواکارییە دژبەیەکەکان لەسەر سەرچاوەکانی هایدرۆکاربۆن، دەریای ناوەڕاستی کردووەتە چەقی گرژی.
ئەو بە تووندی وەڵامی دەستێوەردانەکانی ئەنقەرەی دایەوە و گوتی: "لە رابردوودا چەند رووداوێکی دەستێوەردان لەلایەن تورکیاوە لە پڕۆژەکەدا هەبوو، بەڵام ئێمە روونمان کردووەتەوە، کە ئەم پڕۆژەیە بایەخێکی ئەورووپیی هەیە و بەرگەی هیچ جۆرە دەستێوەردانێک ناگرین. ئێستا یۆنان مۆڵەتی بە کەشتییەکە داوە بۆ دەستپێکردنەوەی توێژینەوە و دانانی کێبڵ و پڕۆژەکە بەرەو پێش دەچێت."
جیۆپیترایۆس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەسینا لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆنی ئەمریکی لە باشووری کریت کار لەسەر دەرهێنانی هایدرۆکاربۆن دەکات و لە رێگەی پڕۆژەی گیرگی یۆنان و میسر بۆ گواستنەوەی وزەی سەوز لە نێوان ئەورووپا و ئەفریقادا دەبەستێتەوە.
سەردەمی داڕمانی وەهمەکان و پڕۆژەی جیهانیی ئای ئێم ئی سی
وەزیری دەرەوەی یۆنان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەورووپا لە "سەردەمی داڕمانی وەهمەکاندا" دەژی؛ لە وەهمی بەردەوامیی گازی رووسیا و مسۆگەربوونی ئاشتی دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، تاوەکو پشتبەستنی رەها بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا؛ بۆیە جەختی کردەوە کە ئەورووپا دەبێت توانای بەرگریی خۆی بەهێز بکات و جوگرافیا بکاتە پردی دۆستایەتی.
لەبارەی گرنگیی رێڕەوی ئابووریی نێوان هیندستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا لە سەردەمی داخستنی نیمچەیی تەنگەی هورمز و بابولمەندەب و قەیرانەکانی دەریای سووردا، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاند کە پڕۆژەکە هاوکێشەکان دەگۆڕێت و بەندەرەکانی یۆنان وەک پیرایۆس و سالۆنیک دەروازەی لۆژیکیی چوونە نێو ئەورووپان، بەتایبەت کە یۆنان خاوەنی گەورەترین کەشتیگەلی دەریاییە لە جیهاندا و نزیکەی 20%ـی کەشتیگەلی جیهان و زیاتر لە 60%ـی کەشتیگەلی ئەورووپای لەبەردەستدایە.


