رووداو دیجیتاڵ
حووسیییەکانی یەمەن رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، هێزەکانیان بە درۆن و مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات-رۆژئاوا) و دامەزراوەیەکی نەوتی لە شاری بەندەریی یەنبووع لەسەر دەریای سوور لە خاکی سعودیە.
ئەم هێڵە بۆرییەی کە لە بەندەری یەنبووع کۆتایی دێت، بۆ سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا بایەخێکی چارەنووسسازی پەیدا کردووە، چونکە رێگە بە ریاز دەدات نەوتەکەی بگەیێنێتە بازاڕەکانی جیهان، دوای ئەوەی ئێران لە دەستپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تەنگەی هورمزی داخست.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رێگەی درۆنەوە "وێستگەی پەمپکردنی ژمارە 7ـی لەسەر هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا کردووەتە ئامانج"، و ئۆپەراسیۆنی دووەمیش بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی "دامەزراوەی نەوتیی یەنبووع"ـی پێکاوە.
سەریع گوتیشی هەردوو هێرشەکە، شانبەشانی دوو هێرشی دیکە بۆ سەر فڕۆکەخانەیەک و بنکەیەکی ئاسمانیی سعودیە لە نزیک سنووری یەمەن، "بە سەرکەوتوویی" ئامانجەکانیان پێکاوە.
حووسییەکان پێشتریش چەندین جار ئەو هێڵە بۆرییەیان کردووەتە ئامانج، و رۆژی دووشەممەی رابردووش سعودیە رایگەیاند کە هێرشێک بۆ سەر بۆرییەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردن نەبووە.
گوتەبێژەکەی حووسییەکان هەروەها گوتی لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سعودیە (ئارامکۆ) لە شاری ریازی پایتەخت، هەرچەندە هیچ زیانێکی دەستبەجێ تۆمار نەکراوە. رۆژی یەکشەممەی رابردووش، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکی تێکشکێنراو، زیان بە تاوەری کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی دارایی ریاز گەیشتبوو.
هاوپەیمانێتیی سعودیە: چەندین درۆن و مووشەکمان تێکشکاندووە
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانێتیی سەربازیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە شەوی پێنجشەممە رایگەیاند، درۆنێکیان لە ئاسمانی ناوچەی ریازی پایتەخت تێکشکاندووە؛ پێشتریش هاوپەیمانێتییەکە خستنەخوارەوەی چەندین درۆن و مووشەکی لە شەوی چوارشەممەوە تاوەکو بەیانیی رۆژی پێنجشەممە راگەیاندبوو، هەرچەندە روون نەبوو ئایا ئەمانە هەمان ئەو ئامانجانە بوون کە حووسییەکان ئاماژەیان پێکردووە یان نا.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، هاوپەیمانێتییەکە ئاشکرای کرد، درۆنێکی لە ناوچەی ریاز و یەکێکی دیکەی لە رۆژهەڵاتی سعودیە خستووەتە خوارەوە؛ هەروەها شەوی چوارشەممەش رایگەیاند دوو مووشەکی بالیستیی لە ئاسمانی رۆژئاوای سعودیە تێکشکاندووە، لەگەڵ تێکشکاندنی دوو درۆنی دیکە لە باشووری وڵاتەکە و دەوروبەری شاری مەککە.
بەپێی بەرگریی شارستانیی سعودیە، پاشماوەی مووشەکە تێکشکێنراوەکان لە گوندی سەبووحە لە دووریی نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە مەککەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵەوە، شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردووەتەوە، سعودیە بەردەوام کەوتووەتە ژێر هێرشەکانی حووسی کە فڕۆکەخانەکان، ژێرخانی وزە، پێگە سەربازییەکان و ناوچەی دارایی ریازیان کردووەتە ئامانج؛ بەڵام حووسییەکان بەردەوام رەتیدەکەنەوە مەککە و مەدینەیان کردبێتە ئامانج.



