رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یوونس لە باشووری کەرتەکە، لانیکەم شەش کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "ژمارەی ئەو کەسانەی لە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل لە نێو کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە رۆژئاوای شاری خان یوونس گیانیان لەدەستدا گەیشتە شەش کەس، هەروەها زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندارن."
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل گوتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن تاوەکو راستییەکەی روونببێتەوە. رۆژی سێشەممەش بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی غەززە حەوت کەسی دیکە کوژرابوون، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل "چەکدار" بوون و کرابوونە ئامانج.
بەردەوامیی هێرشەکان لە دوای رێککەوتنی ئاگربەست
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نێو کەرتی غەززەدا، سەرەڕای ئەوەی لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە رێککەوتنی ئاگربەست چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی پشتیان پێدەبەستێت، لە دوای ئاگربەستەکەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە هەزار و 600 فەلەستینی بەهۆی هێرش و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی حەوت سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیلی لە هەمان ماوەدا راگەیاندووە.



