رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت دەڵێت: ''هیوادارین بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، کێشەکان چارەسەر بکرێن''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق، باشترین رێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
ئیسماعیل بەقایی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە گوتی: "بۆچوونی ئێران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان چییە و ئایا دابەشبوونی هەرێم بەو شێوەیەی کە بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کردووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟" گوتی: ''ئێمە هیوادارین ئەو کێشانە بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و هەروەها (گفتوگۆی) نێوان بەرپرسانی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق چارەسەر بکرێن. پێم وایە ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین دەستووری عێراق لەم بوارانەدا کێشەکانی یەکلایی کردووەتەوە. لە هەر وڵاتێکیشدا دەستوور باشترین بنەما و بەڵگەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتە''.
دوای دوو ساڵ کۆنەبوونەوە، رۆژی چوارشەممە (4ـی تشرینی دووەمی 2026)، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆسیالیست، بەرەی گەل، نوێنەرانی پێکهاتەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.
رۆژێک دواتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە. رۆژی پێنجشەممەش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، دان بە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا نانێن و لە حکومەت دەکشێنەوە.



