رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هورمزگان رەتی دەکاتەوە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکادا بۆ سەر قیشم، زیان بەر ژێرخانی دوورگەکە کەوتبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی دوور بوون.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026، ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگانی باشووری ئێران، هێرشی دوێنێ شەوی ئەمریکای بۆ سەر دوورگەی قیشم پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هیچ زیانێک بەر ژێرخانی دوورگەکە نەکەوتووە.
بەگوتەی ئەحمەد نەفیسی، ئەو شوێنانەی لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج، لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی دوور بوون و ''دوای خەملاندنی تەواوەتی، قەبارەی زیانەکان رادەگەیێندرێت''.
شەوی یەکشەممە، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، لە دوورگەی قیشم و بەندەر عەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە و گومانی ئەوە دەکرێت چەند خاڵێک لەو سنوورە کرابنە ئامانج.
هاوکات میدیای ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە، جارێکی دیکە لە سیریک و بەندەرعەباسی باشووری وڵاتەکە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانەوە هیچ هێرشێکی ئەمریکا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە بەندەر ماهشەهری خوزستانیش دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگار رەتی دەکاتەوە هیچ هێرشێک کرابێتە سەر بەندەرەکە و و دەڵێت: ''دەنگە بەهێزەکان پەیوەندییان بە تەقینی دوو بگۆڕەری کارەباوە هەبووە، نەوەک هێرشی درۆنی یان مووشەکیی دووژمن''.
قسەکانی وەلیوڵڵا حەیاتی لەکاتێکدان میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، لە ماهشەهر سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە و هەوڵی تێکشکاندنی تەنێکی نامۆ لە ئاسمانی بەندەرەکە دراوە.
ئێران بەردەوامە لە رێگریکردن لە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتە هەوڵی تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا دەدەن. لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی تووندی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە، بە مەبەستی پەکخستن و بنبڕکردنی هەناردەکردنی نەوتی تاران.


