رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەسغەر سەفەری، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای لوڕستان، ئەمڕۆ یەکشەممە باسی لە کاریگەری ئەو بارانبارینە کرد کە پارێزگاکەی گرتوەتەوە و رایگەیاند: "بەهۆی دۆخی سەختی شاخاوی ناوچەکە و کەوتنەخوارەوەی بەرد و خاک، ئاستەنگی زۆر بۆ هاتووچۆ دروست بووە".
عەلی ئەسغەر باسی لە هەوڵی تیمەکان بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان کرد و گوتی: "رێگەی 48 گوند لەو 158 گوندەی کە گیرابوو، کرایەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئیحسان کەرەمزادە، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای لوڕستان، ژمارەی ئەو گوندانەی رێگەی هاتووچۆیان پەکیکەوتووە بە 170 گوند هەژمار کرد.
سەبارەت بە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان، عەلی ئەسغەر سەفەری ئاشکرای کرد کە بەهۆی باران و لافاوەوە کارەبای 120 ناوچە و گازی سرووشتیی هەشت گوندیش کێشەی بۆ دروست بوو، بەڵام "تیمەکانی کارەبا توانیویانە کارەبای 100 گوند بگەڕێننەوە، بەڵام هێشتا کارەبای 20 گوند بەهۆی داخرانی رێگەی گەیشتن بە شوێنەکان، چاکنەبووەتەوە."
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پارێزگاکە، شەپۆلی بارانبارین تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێ و مەترسی لافاویش لە هەندێک شوێن هەیە.


