رووداو دیجیتاڵ
دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەی قیشم و شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران بیسترا.
شەوی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، لە دوورگەی قیشم و بەندەر عەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە و گومانی ئەوە دەکرێت چەند خاڵێک لەو سنوورە کرابنە ئامانج.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی (فارس نیوز) بڵاوی کردەوە، بەپێی زانیاریی سەرچاوە نێوخۆییەکانی ناوچەکە، دەنگەکان بەهۆی تەقەی هۆشداریی هێزە دەریاییەکانی ئێرانەوە بووە بەرەو رووی ئەو کەشتییانەی لە تەنگەی هورمز یاساکانی هاتووچۆی دەریاییان پێشێل کردووە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی فەرمیی ئەمنی و سەربازی لە تاران هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر سەرچاوە و هۆکاری دەنگەکان نەداوە.
دەنگی ئەم تەقینەوانە لە کاتێکدایە کە رەوشی ئەمنیی تەنگەی هورمز بە قۆناخێکی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. تەنگەکە، کە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ تاران لە کۆتایی مانگی شوباتدا یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، بووەتە مەیدانی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئابووری.
ئێران بەردەوامە لە رێگریکردن لە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتە هەوڵی تێپەڕین دەدەن. لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی تووندی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە بە مەبەستی پەکخستن و بنبڕکردنی هەناردەکردنی نەوتی تاران.
سەرەڕای بەردەوامیی پێشهاتە مەترسیدارەکان و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز، بەڵام لە رۆژی 1ـی ئەیلوولەوە، سوپای ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی ئاسمانی یان مووشەکیی راستەوخۆی بۆ سەر پێگەکانی نێو خاکی ئێران نەکردووە.



