رووداو دیجیتاڵ
پارتێکی دیاری عەرەبی لە ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پێشنیاز دەکات گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی دوای هەڵبژاردنەکانی هەفتەی رابردووی پێبسپێردرێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، فراکسیۆنی پەرلەمانیی لیستی یەکگرتووی عەرەبی کە بە رەعەم ناسراوە، پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بۆ راوێژکاری لەسەر پێکهێنانی حکومەت، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "فراکسیۆنی پەرلەمانیی لیستی یەکگرتووی عەرەبی بڕیاری داوە پێشنیاز بکات ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە ئایزنکۆت بسپێردرێت."
رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو. پارتی لیکویدی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی 53 کورسیی، چوار پارتی هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆن 48 کورسیی و پارتە عەرەبییەکانیش (لیستی یەکگرتووی عەرەبی و لیستی هاوپەیمانی) 19 کورسییان بردەوە.
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 61 کورسییە و لیستی یەکگرتووی عەرەبیش خاوەنی هەشت کورسییە.
ئایزنکۆت: ئیسرائیلییەکان دەنگیان بە گۆڕانکاری داوە
گادی ئایزنکۆت لە پەیامێکدا رایگەیاند، خەڵکی ئیسرائیل دەنگیان بۆ گۆڕانکاری و جێگرتنەوەی حکومەتی ئێستا داوە و رایگەیاند: "بە نیازم سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ ئیسرائیل بهێنمە کایەوە، سەرکردایەتییەک کە خزمەتی سەرجەم ئیسرائیلییەکان بکات. پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانم، ئیسرائیلێکی بەهێزتر بنیات دەنێین؛ ئیسرائیلێکی جوو و دیموکراسی کە پابەند بێت بە بەها لیبراڵییەکان، یەکسانی بۆ هەمووان و متمانەی بە داهاتووی خۆی هەبێت."
ئایزنکۆت هەروەها خواستی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریی نزیک لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و گوتی: "بە پەرۆشەوە دەڕوانمە کارکردنی نزیک و بنیاتنەرانە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) و ئیدارەکەی، کە دۆستایەتی و پابەندبوونیان بە ئیسرائیل بەرز دەنرخێنین. پێکەوە دەتوانین بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکانمان بەرەوپێش ببەین، سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکەین و دەرگەی نوێ بۆ خۆشگوزەرانیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەینەوە."
هۆشدارییەکەی نەتەنیاهوو لە حکومەتی چەپ و پارتە عەرەبییەکان
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو داوای پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرفراوان بە سەرۆکایەتیی پارتی لیکود کرد و هۆشداریی دا کە حکومەتێکی چەپ بە پشتبەستن بە پارتە عەرەبییەکان لە ناوەوە "ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە."
نەتەنیاهوو گوتی: "ئیسلامی تووندڕەو لە دەرەوە لە رێگەی ئێران و میلیشیاکانییەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و لە ناوەوەش لە رێگەی پارتە ئیسلامییەکانی لایەنگری تیرۆرەوە هەڕەشەیە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "حکومەتێک پشت بەو پارتانە ببەستێت شەڕی دووژمنەکانمان ناکات، بەڵکو بە سادەیی لە ناوەوە لەبەریەکمان هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش پرسێکی پەیوەستە بە ژیان و مەرگەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (کە خۆی و هاوپەیمانەکانی راستڕۆی تووندڕۆن) سەرکردەکانی بەرەی چەپی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە دەدەن کە پشت بەم لایەنانە ببەستێت و مەرجی ئەستەم دادەنێن بۆ ئەوەی رێگری لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرفراوان بکەن.


