رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل گوتار و گوزارشتە نەژادپەرستییەکانی دژی کەمینەی عەرەبی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە تووندی شەرمەزار کرد و داوای لە سەرجەم پارتە سیاسییەکانیش کرد دان بەوەدا بنێن کە هیچ لایەنێک زۆرینەی نەهێناوە و دەبێت سازش لەسەر بەڵێنەکانیان بکەن تاوەکو لە چەقبەستوویی دەربچن.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئیسرائیل لە کاتی پێشکەشکردنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردندا هات، دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو و کەمپەینەکەی تۆمەتی بەردەوامی ساختەکارییان دەدایە پاڵ لیستە عەرەبییەکان.
هێرزۆگ گوتی: "رێزێکی زۆرم بۆ کۆمەڵگەی عەرەبی لە ئیسرائیل هەیە و بەشداری و رۆڵیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە وڵات جێگەی پێشوازییە. من زبری و گوزارشتە نەژادپەرستییەکان کە لەم دواییانەدا بیستوومانن شەرمەزار دەکەم؛ هیچ شوێنێک بۆ ئەم جۆرە گوتارانە لە بەرامبەر هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا نییە."
داواکاری بۆ سازش و واقیعبینی
سەبارەت بە ئاستەنگییەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ، سەرۆکی ئیسرائیل داوای لە سەرکردەی پارتەکان کرد واقیعبین بن و راشیگەیاند: "چاوەڕوانیم لە پارتەکان ئەوەیە تێبگەن کە بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئێستا، ناکرێت هەموو بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن. لە دۆخی ئێستا کە هیچ براوەیەکی روون لە گۆڕێدا نییە، داوای بوێری، نیازپاکی و سازش دەکەم تاوەکو بە سەرکەوتوویی لەم قۆناخە دەربچین."
چەقبەستوویی سیاسی لە کنێسێت
بەپێی ئەنجامە راگەیێندراوەکان، گۆڕەپانی سیاسیی ئیسرائیل تووشی بنبەست بووە؛ هیچ کام لە دوو بەرە تەقلیدییەکە نەیانتوانیوە بەربەستی 61 کورسی لە کۆی 120 کورسیی کنێسێت ببەزێنن:
بەرەی راستڕۆ بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو 53 کورسی وبەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت 48 کورسی هێناوە.
بڕیارە ئیسحاق هێرزۆگ راوێژکارییە فەرمییەکانی بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات، کە مۆڵەتی 28 رۆژی پێدەدرێت (بە ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 رۆژی دیکە). بەڵام بەهۆی ڤیتۆی لایەنەکان لەسەر یەکدی، چاودێران پێشبینی دەکەن دانوستاندنەکان درێژە بکێشن یان وڵات بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیکە هەنگاو بنێت.
لە نێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، پارتە عەرەبییەکان بوونەتە هێزی سەرەکی و یەکلاکەرەوە بۆ پێکهێنانی هەر حکومەتێکی نوێ، ئەوەش دوای ئەوەی توانییان 19 کورسی مسۆگەر بکەن (بەرەی هاوبەش 11 کورسی، و لیستی رەعەم بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس 8 کورسی). ئێستاش بەبێ رێککەوتن لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان، مەحاڵە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت بەربەستی 61 کورسی بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی نەتەنیاهوو بهێنێت.


