رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە بەرپرسەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات، کە دەکرێت لە زووترین کاتدا و هەر لە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمدا لەدوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەنجامدانی هەر هێرشێک بەندە بە رەزامەندی و فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێکی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.
پێشتریش رۆژنامەکە لە 21ی تشرینی یەکەمدا ئاشکرای کردبوو، پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل نەخشەی هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر تاران لەدوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ئامادە کردووە، پێشبینی دەکرێت پێگە ئەتۆمییەکان، دامەزراوەکانی وزە و کۆگاکانی مووشەکی ئێران بکەنە ئامانج.
لەنێوان هێرشەکەی قیشم و دەرفەتی دیپلۆماسی
ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەڵێنی دابوو تاوەکو هەڵبژاردنەکان تەواو نەبن هێرش نەکەنە سەر ئێران، بەڵام شەوی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی سنوورداریان کردە سەر بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە دوورگەی قیشم.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، "دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن." هاوکات پێگەی "زە هیڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ترەمپ تاوتوێی بژاردەی هێرشکردن لەم هەفتەیەدا دەکات لە کاتێکدا نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی رێککەوتن.
گوشارەکانی ئیسرائیل و هەڵوێستی تاران
ئەم هەواڵانە هاوکاتن لەگەڵ پێدانی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن ئیسرائیلەوە بە واشنتن لەبارەی ئەوەی تاران تاوتوێی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات؛ هەنگاوێک کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا وەک هەڵمەتێکی گوشاری تەلئەڤیڤ دەیبینن بۆ راکێشانی ئەمریکا بۆ نێو شەڕێکی بەرفراوان.
لە بەرامبەردا موحسین رەزایی، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، وەڵامی واشنتن بۆ داواکارییەکانی تاران باوەڕپێکەر نەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە.



