رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە ئاشکرای کرد، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل زانیارییەکی هەستیاریان رادەستی ئەمریکا کردووە، تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکەن تاران تاوتوێی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە نەیارەکانی دەکات.
بەپێی میدیای ئەمریکی، بەشێک لە بەرپرسانی فیدراڵی پێیانوایە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بەشێکە لە هەڵمەتێکی گوشاری بنیامین نەتەنیاهوو تاوەکو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕێکی بەرفراوان دژ بە ئێران، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیانوایە نابێت هیچ هۆشدارییەک پشتگوێ بخرێت، بەتایبەت لە سایەی هەڕەشە بەردەوامەکانی تاران دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
دزەپێکردنی ئەم زانیارییانە بۆ بەشێک لە کاربەدەستانی ئەمریکا، بیرهێنەرەوەی کەیسی هەواڵگریی نادروستی ساڵی 2002 بوو سەبارەت بە "چەکی کۆمەڵکوژی عێراق،" کە ئەوکات بە بیانووی بوونی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی پاساو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق هێندرایەوە.
تاران بە فەرمی هەبوونی چەکی کیمیایی رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئەو توانستانەی لە سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە هەشتاکاندا هەیبووە بە تەواوی لەناویبردوون. لە کاتێکدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پشتڕاستی دەکەنەوە، ئێران خەریکی توێژینەوەیە لەسەر چەکی کیمیایی، گومانێکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە ئایا تاران لە هیچ بارودۆخێکدا دەست بۆ ئەم جۆرە چەکە دەبات یان نا.
بەرپرسێکی پێشووی ئێران لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران تەنیا لە یەک حاڵەتدا لەوانەیە بیر لە بەکارهێنانی چەکی لەو شێوەیە بکاتەوە، ئەویش ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل هێرشی ئەتۆمی بکەنە سەر وڵاتەکەی.
سەرچاوە سەربازییەکان لە نێوخۆی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ کە مەشقی فریاگوزاری لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەبات، هیچ رێنمایی و ئامادەکارییەکی بۆ ئەگەری هێرشی کیمیایی لە مانۆڕەکاندا ئەنجام نەداوە و هیچ هۆشدارییەکیشی بە هاووڵاتییان نەداوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی کەنداویش بە گومانەوە لەم هەواڵگرییە بڕوانن و بە ناڕژدی وەسفی بکەن.
ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە، سوپای ئەمریکا سێ فڕۆکەهەڵگری گەورەی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، لەوانەش فڕۆکەهەڵگری (جۆرج واشنتن). بەپێی سەرچاوە فیدراڵییەکان، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی تۆکمەی ئامادە کردووە کە دەکرێت دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول دەست بە هێرشێکی چڕ و کورتخایەن بۆ سەر پێگەکانی ئێران بکرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، هەوڵی دیپلۆماسیی چڕ لەئارادایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک تاوەکو تاران هێرشەکانی لە تەنگەى هورمز رابگرێت. لەنێو کابینەی ترەمپ دا دوو بۆچوون هەن: بەرەیەک پێداگری لەسەر سەپاندنی گەمارۆ و ئابڵوقەی ئابووریی تووندتر دەکەن تاوەکو حکومەتی ئێران لە ناوەوە تووشی داڕمان ببێت، لە بەرامبەردا بەرەیەکی دیکە پێیانوایە ئێران بە تووندکردنەوەی هەڕەشەکانی لەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی سەلماندوویەتی بەبێ گورزی سەربازیی کتوپڕ، پاشەکشێ ناکات.



