رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێک، ئەمریکا ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداوی ئاگادارکردووەتەوە کە خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی کورتخایەن بەڵام چڕ دژی ئێران لە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا ئامادە بکەن.
رۆژی چوارشەممە 28-10-2026 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو چڕکراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، "سوپای ئەمریکا سیستمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆت لە ویلایەتی تێکساسەوە رەوانەی ئیسرائیل دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە."
هەروەها، واشنتن هێزەکانی خۆی لەو بنکە سەربازییانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کشاندووەتەوە کە مەترسیی بەئامانجگرتنیان لە کاتی شەڕدا زیاتر بووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان و فڕۆکە جەنگییەکان ئامادەن، هەروەها کەشتیگەلێکی نوێی فڕۆکەهەڵگر و یەکەیەکی هێزی دەریایی مارێزن ئامادەن لە مانگی داهاتوودا پەیوەندی بە کەشتیگەلێکی گەورەی ئەمریکاوە بکەن کە لە نزیکەی 20 کەشتیی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکهاتووە لە نێویاندا فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنی هێرشەکە نەداوە، بەڵام "مەیلی بەلای هێرشێکی بەرفراوانە لە دوای هەڵبژاردنەکان کە ژێرخان و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، مەگەر لایەنەکان پێش ئەو کاتە رێککەوتن بکەن."
ترەمپ هەفتەی رابردوو لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا بە ئاماژەدان بە هەڵمەتە ئاسمانییەکەی بەهاری رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل گوتی: "لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هاوشێوەی (تووڕەیی داستانئاسا) بکەین، یاخود ئەوان لەسەر رێککەوتن رازی دەبن." ترەمپ هەروەها رایگەیاندبوو، پێش تەواوبوونی هەڵبژاردنی نیوەخول هیچ هێرشێک ناکات.
لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، لێدوان لەسەر پلانە هەواڵگری و سەربازییەکان نادات، بەڵام گوتی، "سەرۆک ترەمپ هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رۆژی سێشەممە 27-10-2026 بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیاند، ئاژانسەکەیان هیچ چالاکییەکی نوێکردنەوە یان نۆژەنکردنەوەی لەو پێگە ئەتۆمییانەدا بەدی نەکردووە کە لە هێرشەکانی پێشوودا زیانیان بەرکەوتبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرۆسی هۆشداری دا، پشکنەرانی ئاژانسەکە دەستیان بە پێگەکان نەگەیشتووە و ناتوانن دڵنیایی بدەن کە ئایا ئێران مادەی ئەتۆمیی بۆ شوێنی دیکە گواستووەتەوە یان نا؛ بەتایبەت چیای قوڵنگ.


