رووداو دیجیتاڵ
\
سووریا و ئوردن لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان رێککەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن، وەک تۆڵەی هێرشەکەی سەر کەنیسەکەی پارێزگەی کەرەک، بۆردوومانی پێگەکانی داعشیان لە باشووری سووریا کرد.
رۆژی سێشەممە 27-10-2026 ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی هەردوو وەزارەتەکە، سەفەدی جەختی لەسەر "رێزگرتنی تەواوی ئوردن لە سەروەری و ئاسایشی خاکی سووریا" کردووەتەوە و خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل دەربڕیوە.
هەروەها بڕیاردراوە لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنیی سووریا و ئوردن بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دژی چەکدارانی داعش کۆببێتەوە.
ئەم لێکنزیکبوونەوەیە دوای ئەوە، کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆردوومانەکەی ئوردنیان بە "پێشێلکارییەکی قبووڵنەکراو" و بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەبێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە لە قەڵەمدا.
بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند، لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئوردن بۆ سەر گوندی (ئەلتەف) لە پارێزگەی دەرعا و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشوور، حەوت کەس کوژراون کە لەنێویاندا سێ منداڵ و ژنێک هەن.
لە بەرامبەردا، محەممەد مۆمەنی، گوتەبێژی حکومەتی ئوردن رایگەیاندبوو، ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریدەخەن لەو هێرشەدا زیاتر لە 20 چەکداری داعش کوژراون و کۆگەیەکی گەورەی چەکی ئەو رێکخراوەش خاپوور کراوە.
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکان، سووریا بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی (نەسیب)ـی دا کە لە دیوی ئوردن بە (جابر) ناسراوە، بەمەش تەواوی هاتووچۆی گەشتیاری و بارهەڵگرە بازرگانییەکان لە هەردوو ئاراستەکەوە راگیرا.
لەگەڵ ئەوەشدا، رائید ساڵح، وەزیری بەڕێوەبردنی تەنگژە و کارەساتەکانی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، هەردولا لە رێگەی "کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە" مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان.
ئەم گرژییانە بەهۆی ئەوەوە سەریانهەڵدا کە هەفتەی رابردوو چەکداران لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردن لە کەنیسەیەکی رۆمی ئۆرسۆدۆکس لە گوندی حەموود لە پارێزگەی کەرەک لە باشووری ئوردن دەستڕێژی گولـلەیان لە ئامادەبووان کرد و لە ئەنجامدا نۆ کەس کوژران و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممەش هێزە ئەمنییەکانی ئوردن دەستگیرکردنی سێ کەسیان بە تۆمەتی هێرشەکە راگەیاند؛ عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن گوتی، تیرۆریستان لە سزا رزگاریان نابێت و هیچ لێخۆشبوونێک بۆ هەڵگرانی "ئایدۆلۆژیای تاریک" نابێت کە هەوڵی دووبەرەکی لەنێو خەڵکی وڵاتەکەیدا دەدەن.


