رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتەکەیدا هێرشێکی تووندی کردە سەر پارتە عەرەبییەکان، هۆشداریی دا کە "ئەوان دەیانەوێ هەڵبژاردن بدزن،" ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کەسێک بە بڕێکی زۆر پارەوە دەستگیرکران.
نەتەنیاهوو رایگەیاند، سێ بەرپرسی باڵای پارتی (راعەم) لە باشوور بە چەند زەرفێکی پڕ لە پارەی کاشەوە دەستگیرکراون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووی دەمی کردە دەنگدەرەکانی و گوتی، "ناکرێت ئەم ململانێیە بدەینە دەست پارتە چەپ و عەرەبییەکان کە دەیانەوێ کۆتایی بە دەوڵەتی جووەکان بهێنن. بۆیە کاتی سەیران و چوونە سەر دەریا نییە؛ بڕۆن بۆ بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیکود (پارتەکەی نەتەنیاهوو) بدەن."
دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەی پۆلیس
پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە، درەنگانی شەوی دووشەممە سێ کەسیان بە گومانی هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگ بۆ پارتی (رەعەم) دەستگیرکردووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، "لە کاتی پشکنینی ماڵی گومانلێکراوەکاندا دەستمان بەسەر زیاتر لە 24 هەزار شیکڵ (نزیکەی 7,900 دۆلار)دا گرتووە، کە بەشێکی خرابووە نێو زەرفی ئامادەکراوەوە."
پۆلیس وێنەی ئەو زەرفانەی بڵاوکردەوە کە لەسەر یەکێکیان نووسراوە "دیارییەک لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە."
دین لیڤنێ، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان ئەم رووداوەی بە "نائاسایی" ناوبرد و گوتی، "پۆلیس تەنانەت پێش کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، ئەو کەسانەی دەستگیرکردووە کە دەیانویست بەرتیل بدەنە دەنگدەران." جەختیشی کردەوە، ئەمە تەنیا لەو ناوچەیە بووە و هیچ رووداوێکی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکە تۆمار نەکراوە.
لە کاردانەوەی لێدوانەکانی نەتەنیاهوودا، پارتی یاشاری ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزەنکۆت، سەرۆکوەزیرانی تۆمەتبار کرد کە خەریکە زەوینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتبکاتەوە و گوتی، "دەبێت بە جیاوازییەکی یەکجار گەورە لە پێش لیکودەوە بین، تەنیا بەو شێوەیە هیچ بوارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی گومان لە ئەنجام بخرێتەڕوو."
پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن سکاڵایان کردووە کە لە چەندین بنکەی دەنگدان کارتی دەنگدانەکانیان دزراوە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر ساختەکاریی رێکخراو نییە و راستەوخۆ چارەسەری هەموو کێشەکان دەکات.



