رووداو دیجیتاڵ
دەرگەی بنکەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) داخران، دوای ئەوەی رێژەی بەشداری گەیشتە نزیکەی 75٪. بەگوێرەی راپرسیی سەرەتایی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی ئیسرائیل، کێبڕکێیەکی ئێجگار تووند لە نێوان لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەیە.
بەپێی راپرسیی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان، هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بە بەدەستهێنانی 52 کورسی لەپێشەوەیە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتەنیاهوو 50 کورسی بەدەستهێناوە و پارتە عەرەبییەکانیش توانیویانە 18 کورسی مسۆگەر بکەن.
کەناڵی 12 ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمان، پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو 24 کورسی بەدەستدەهێنێت و ئەو پارتەشی کە ئایزەنکۆت سەرۆکایەتیی دەکات 22 کورسی دەبێت. لە هەمان کاتدا لە راپرسیی کەناڵی 13ـی ئیسرائیلیدا هاتووە کە پارتی لیکود 26 کورسی بەدەستدەهێنێت.
هاوکات، دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل (کان) بڵاویکردەوە کە بەگوێرەی راپرسییەکەی ئەوان، بەرەی ئایزەنکۆت 53 کورسی و بەرەی نەتەنیاهوو 50 کورسی بەدەستدەهێنن.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات کە بەپێی ئەم ئەنجامانە، هیچ براوەیەکی روون لە هەڵبژاردنی پەرلەمان نییە، چونکە هیچ کام لە دوو بەرە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە زۆرینەی رەها کە 61 کورسییە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت مسۆگەر بکەن.



