رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێ، ئەگەر کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان باش بووبان، رووداوەکانی هاتووچۆ ئەو هەموو قوربانییەی لێ نەدەکەوتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد رەزا زەفەر قەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، "ساڵانە لە ئێران نزیکەی 20 هەزار گەنج بە رووداوی هاتووچۆ دەمرن."
محەممەد رەزا زەفەر قەندی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامارە زۆرەکە ئەوەمان بیردەهێنێتەوە کە پێویستە لێکۆڵێنەوە لە کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان بکرێت."
وەزیری تەندروستیی ئێران گوتیشی، "ئەگەر کیسەی هەوا (ئێرباگ) لە ئۆتۆمبێلەکان بە باشی کار بکات، رووداوەکانی هاتووچۆ ئەو هەموو قوربانییەی لێناکەوێتەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا ئاماری روودای هاتووچۆ لە ئێران و ژمارەی قوربانیان بۆ ئەم ساڵ بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دادپزیشکیی ئێران دەڵێ، پار زیاتر لە 19 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین گیانلەدەستدان لە پارێزگای تاران بووە.
دادپزیشکیی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، هۆشیار نەبوونی شۆفێران، لێخوڕینی بێباکانە و خراپیی رێگەوبان لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەموو رووداوە بوون.


