رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی لە هێرشێکی چەکداریدا راگەیاند.
رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان بڵاویکردەوە، بەیانی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە پۆلیسێک و بەهۆیەوە پۆلیسێکیان کوژرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو پۆلیسەی کوژراوە ناوی "حوجەت وەفا کەردە"یە و ئەندامی یەکەی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە بووە.
چەکدارەکان دوای هێرشەکە دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و بەو هۆیەشەوە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان بڵاوەیان پێکراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەدا رانەگەیاندووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 18 تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا لانیکەم 93 کەس کوژراون کە 18یان سڤیلن.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەهۆی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ لە سەرووی هەمووشیانەوە "جەیشولعەدل"، بەردەوام رووبەڕووی پێکدادانی چەکداری و هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەبێتەوە.




.jpg&w=3840&q=75)