رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو لە بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردوو لە شاری ئیسفەهان راگەیاند.
رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمیرحوسێن مەلیکی و ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی، دوو بەندکراوی خۆپێشاندانەکانی شەوی 8ی شوباتی ئەم ساڵ لە گۆڕەپانی عەلیخانیی گەرەکی مەلیکشەهری ئەسفەهان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی دادی ئێران، ئەو دوو بەندکراوانە بە "دژایەتیکردنی خودا (موحارەبە)، گەندەڵی لەسەر زەوی لە رێگەی هەنگاونان دژی ئاسایشی نیشتمانی، شێواندن، تێکدانی رای گشتی و دروستکردنی نائارامی لە ئاستێکی بەربڵاو لە رێگەی چەک و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن" تۆمەتبارکرابوون و دادگە دوای تاوتوێکردنی دۆسیەکانیان، ئەوانی بە تاوانبار ناسیوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆیان دەرکردووە.
میزان ئاماژە بەوەش دەکات، سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە دوای تانەلێدانیان و پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دادگەی باڵای ئێرانەوە، جێبەجێ کراوە.
پەیوەندیدار بە هەمان دۆسیە، ئێران پێشتر دوو خۆپێشاندەری دیکەی بە ناوەکانی عەلیڕەزا سپاهی و عەلیڕەزا رەئیسی لەسێدارەداون.
حکومەتی ئێران دەڵێت، لە شەوی 8ی شوباتی 2026 و لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا، لە گۆڕەپانی عەلیخانیی گەڕەکی مەلیکشەهری ئەسفەهان، چوار لە هێزە ئەمنییەکانی لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە هێرشیان کرایە سەر و کوژران.
خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلێکی دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و دادوەرییەکانی ئێرانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، کە تاوەکو ئێستاش کاردانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.



