رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە تەنگەی هورمز درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکییان خستەخوارەوە، لە ئاسمانی دوورگەی قیشم لە رێگەی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە دەستیان بەسەر دوو درۆنی دیکەدا گرتووە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز، درۆنێکی ئەمریکییان لە جۆری (ئێم کیو-9 - MQ-9) "سەرکەوتووانە" کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەمە 55ـەمین درۆنی لەو جۆرەیە لە ماوەی جەنگی نێوانیاندا لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە لەنێوببرێت.
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی هەمان رۆژ لە ئاسمانی باشووری دوورگەی قیشم، یەکەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی توانیویانە سیستمی دوو درۆنی دیکەی ئەمریکی لە جۆری (MQM-170) پەکبخەن و دەستیان بەسەردا بگرن، بەمەش ژمارەی ئەو درۆنانەی دەستیان بەسەردا گرتووە گەیشتووەتە چوار درۆن.
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و بەرپرسانی سەربازیی واشنتن هیچ لێدوانێکیان لەسەر خستنەخوارەوە یان کۆنتڕۆڵکردنی ئەو درۆنانە نەداوە.
راگەیاندنی خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەی قیشم بیستراوە و فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.
لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای ئەمریکا چەندین پێگەی سەربازیی سوپای پاسدارانی لە دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج، کە لە نێویاندا سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی بالیستی هەبووە.



