رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەهۆی گەمارۆ تووندەکانی وڵاتەکەیەوە هەناردەکردنی نەوتی تاران گەیشتووەتە سفر بەرمیل، هیچ نەوتێکی ئەو وڵاتە لەسەر ئاو نەماوە و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانیشی بۆ دەرەوە پەکخراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی، سکۆت بێسێنت رایگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا، توانیویانە ئاسایشی هەناردەی نەوت لە کەنداو بپارێزن و گوتی: "نزیکەی 1.2 ملیار بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا گوازراوەتەوە، لە کاتێکدا پشکی ئێران سفر بەرمیل بووە. ئێران ئێستا هیچ نەوتێکی لەسەر ئاو نەماوە و بەتەواوی لە جیهان دابڕاوە."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەڵمەتی گۆشەگیرکردنی تاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رایگەیاند: "گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بەتەواوی لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەکخراون. دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتە چیدیکە ناتوانن بچن کەسوکاریان لە لەندەن، هاوڕێکانیان لە پاریس یان پارەکانیان لە سویسرا ببینن؛ ئەگەر ئێرانییەکان وڵاتەکەی خۆیان خۆشدەوێت، با هەر لەوێ بمێننەوە."
بێسێنت ئەوەشی خستەڕوو کە واشنتن بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە قاچاخەکانی گوێزەرەوەی نەوت لە دەریاکان و بلۆککردنی دراوە دیجیتاڵییەکانی سەر بە ئێران. هاوکات دڵنیایی دا کە تاران بە هیچ جۆرێک ناتوانێت رێگری لە هاتووچۆی کەشتیەکانی گواستنەوەی لە تەنگەی هورمزدا بکات، چونکە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەواوی رێڕەوەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
واشنتن گەمارۆیەکی ئاسمانی و دەریایی بێپێشینەی خستووەتە سەر بەندەر و کایەی ئاسمانیی ئێران، بە ئامانجی وشککردنی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتە.


