رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، بە مووشەکی بالیستی فڕۆکەخانەی سەرەکیی شاری ریازی پایتەختی سعودیەیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش نوێترین هێرشە لەلایەن ئەم گرووپەی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.
راگەیێندراوی سەربازیی حووسییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "هێزە چەکدارەکانمان توانییان بە مووشەکی بالیستی، فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریاز بکەنە ئامانج و مووشەکەکە بە تەواوی ئامانجەکەی پێکاوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆی فڕۆکەخانەکە."
حووسییەکان رۆژی چوارشەممەش رایانگەیاندبوو کە بە مووشەکی بالیستی و درۆن فڕۆکەخانەی ریازیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی سعودیە تێکشکاندنی مووشەکێکی لە ئاسمانی باکووری پایتەخت راگەیاندبوو.
هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی حکومەتی یەمەن
ئەم هێرشانە لە نێوەندی شەڕ و پێکدادانی توونددا دێن کە ماوەی چەندین هەفتەیە لە چەندین ناوچەی جیاوازی یەمەن بەردەوامە و لە رۆژی یەکشەممەوە پەرەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستپێکردنی هێرشێکی پێچەوانەیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانە راگەیاند کە بەم دواییانە کەوتبوونە دەست حووسییەکان.
مەترسی لەسەر بابولمەندەب و هەناردەی نەوت
چەکدارانی حووسی لە مانگی ئەیلوولدا دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەندا گرت تاوەکو گەیشتنە تەنگەی ستراتیجیی بابولمەندەب، کە پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی جیهان، لەنێویاندا نەوتی سعودیە هەیە.



