رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی CBS News کە پشتی بە ڤیدیۆی دزەپێکراو و گێڕانەوەی خودی سەربازانی ئەمریکا بەستووە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران سەربازانی ئەمریکایان ناچارکردووە بە تەواوی بنکەی سەربازیی گەورەی (کەمپ بیوورینگ) لە کوێت چۆڵ بکەن و رابکەنە نێو بیابان.
ڤیدیۆ دزەپێکراوەکان چی پیشان دەدەن؟
ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن سەربازە ئەمریکییەکانەوە گیراون و یاساکانی پێنتاگۆنیان پێشێل کردووە، دەری دەخەن کە چەندین درۆنی ئێرانی بە خێرایی لە ئاسمانەوە خۆیان دەکێشن بە باڵەخانە و کەرەستە سەربازییەکانی نێو بنکەی کەمپ بیوورینگدا کە تەنیا 40 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە.
سەربازێکی ئەمریکی بە کەناڵەکەی گوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێرانیش هێندە لە ئاسمانی بنکەکەوە نزیک بوون، کە دەیانتوانی کڵاوی سەری فڕۆکەوانە ئێرانییەکان بە چاو ببینن.
سەربازەکان چۆن هەڵاتن؟پێش دەستپێکردنی جەنگ، سوپای ئەمریکا زۆربەی ئەو حەوت هەزار سەربازەی لەو بنکەیە بوون بڵاوەپێکردبوو بۆ ئەوەی لە ترسی مووشەکەکانی ئێران لە یەک شوێندا نەمێننەوە. تەنیا نزیکەی 100 سەرباز بۆ پاراستنی بنکەکە مابوونەوە، بەڵام لەژێر بۆردوومانی بەردەوامدا ناچار بوون بچنە نێو پەناگەکان و فیشەک و مووشەکی بەرگریی پاتریۆتیان لێ بڕابوو.
لە کۆتاییدا سەربازەکان بە ناچاری بەرەو بیابانی کوێت هەڵاتن و بۆ چەندین هەفتە لە بنکەی کاتیی نێو بیاباندا مانەوە. لەم هێرشانەدا کەسیان لێ نەکوژرا، بەڵام چەند سەربازێک بریندار بوون.
هێرشە کوشندەکەی دیکە لە کوێت
ئەم هەواڵە دوای لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس دێت کە ئاشکرای کردبوو لە 1ـی ئاداری ئەمساڵدا، درۆنێکی ئێرانی لە بەندەری شوعەیبە لە کوێت لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکای دا و 6 سەربازی ئەمریکیی کوشت و دەیانی دیکەی بریندار کرد، کە ئەمە خوێناویترین هێرش بوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە تەواوی جەنگەکەدا. سەربازە بریندارەکان گوتبوویان، بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی پزیشکی، ناچار بوون بە مۆبایل و لە گووگڵدا بە دوای نزیکترین نەخۆشخانەی شاری کوێتدا بگەڕێن.
زیانەکانی ئەمریکا بە ژمارە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە کە تاوەکو مانگی ئەیلوول، ئەم جەنگە زیاتر لە 43.6 ملیار دۆلار لەسەر واشنتن کەوتووە، ئەمە بێجگە لەو زیانە گەورانەی بەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەشت وڵاتی ناوچەکە کەوتوون.
بەهۆی زۆربوونی زیانەکانەوە، پێنتاگۆن چاودێریی تووندی خستووەتە سەر سەربازەکانی و وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی هەر دیمەنێکی هێرشەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخە کردووە، نەوەک ئێران زانیاری لەسەر کاریگەریی مووشەکەکانی دەستکەوێت.



