رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باسیان لە تاوتوێکردنی ناردنی هێزی سەربازی دەکرد بۆ یەمەن بە مەبەستی بەشداریکردن لە شەڕی دژی چەکدارانی حووسی و جەختی کردەوە کە سیاسەتی دیمەشق لەسەر "سەقامگیری، ئاشتی و هاوکاری بنیاتنراوە، نەک لەسەر کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ."
ئەحمەد مووەفەق زێدان، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا بۆ کاروباری راگەیاندن، ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەبارەی ناردنی هێزی سەربازیی سووریا بۆ یەمەن بڵاوکراونەتەوە بە "ناڕاست و بێبنەما" ناوبردن.
بنیاتنانەوەی سووریا لە پێشینەدایە
وەزارەتی راگەیاندنی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناخی ئێستادا کاری لەپێشینەی دیمەشق بریتییە لە بنیاتنانەوەی وڵات و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی، هاوشانی کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکان لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی سووریا. .
ئەکسیۆس چی بڵاوکردبووەوە؟
پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە کە سووریا تاوتوێی ناردنی 10 هەزار بۆ 20 هەزار سەرباز دەکات بۆ یەمەن، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکاندا.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە باسی لەوە کردبوو کە دیمەشق تاوتوێی داواکارییەکی سعودیە لەم بارەیەوە دەکات، بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی کۆتایی درابێت.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئیدارەی ترەمپ لەو گفتوگۆیانە ئاگادار کراوەتەوە و دژایەتیی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سووریا ناکات، هاوکات باسی لە راوێژگۆڕینەوە لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کردبوو لەبارەی میکانیزمی جێگیرکردنی ئەو هێزانە ئەگەر هات و پلانەکە پەسند کرا.



