رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاند، پێنتاگۆن چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانی بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کردووە، خۆی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران ئامادە بکات و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە بەڕێوەیە.
هەرچەندە فەرمانەکە هیچ رۆژێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان لەخۆنەگرتووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەڵێن، رەنگە هێرشەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە ئەمریکا و تەنانەت پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەم بکرێن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی دەستپێبکاتەوە، پێشبینی دەکرێت بۆردوومانکردنی چڕی کەرتی وزە، ژێرخان و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەخۆبگرێت. دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا دەکرێت کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش دابنێت، بەتایبەت لەبەر ئەوەی رەنگە نرخی نەوت بەرزبکاتەوە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاند: "ئەرکی وەزارەتی جەنگ بریتییە لە داڕشتن و پێشکێشکردنی بژاردە سەربازییەکان بە سەرۆک."
بەرپرسێکی کۆشکی سپیش گوتی ترەمپ لە هەر کاتێکدا بێت سەرجەم بژاردەکانی لەبەردەستدایە و باسی لەوە کرد: "ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە. ئێران تووشی زیانی گەورە بووە و دۆخەکە بە یەکێک لە دوو رێگەکەدا دەڕوات: رێگە ئاسانەکە یان رێگە سەختەکە. سەرۆک ترەمپ هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و هەر شتێک لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت دەیکات."
گۆڤاری "زە ئەتلانتیک"ـیش بڵاویکردەوە کە ترەمپ تاوتوێی لێدانی ئێران دەکات پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس. هەروەها رۆژی هەینی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ بۆ چەندین کاژێر لە کەمپ دەیڤد کۆبوونەوە. بەرپرسێکی ئیسرائیلی گوتی، بەشێک لە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان لەدژی ئێران.
دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەستنەهێناوە و نێوەندگیرە قەتەرییەکان هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کە داوای سازشی ئەتۆمی دەکات. بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی گوتووە: "مشتومڕ لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان لە ئێران زیادیکردووە؛ چانسی روودانی پێش هەڵبژاردنەکان بەرز نییە بەڵام رەتیناکەینەوە، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخول، چانسەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات."
پەیوەندییەکانی ترەمپ و نەتەنیاهوو
ترەمپ رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا کرد، کە ئەمە دووەم پەیوەندیی نێوانیان بوو لە ماوەی چەند رۆژێکدا دوای چەندین هەفتە لە ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانیان.
ئەگەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستپێبکەنەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە رێگەی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشداریکردنی سوپای ئیسرائیل دەبێت. دوو بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە دڵەڕاوکێدان، ئەمەش لەوانەیە هانیان بدات ئەوان پێشوەختە هێرش بکەن، چونکە ئێرانییەکان پێشتر دوو جار تووشی هێرشی لەناکاو بوون و نایانەوێت بۆ جاری سێیەم دووبارە ببێتەوە.
کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل
دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکرێت کار لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلیش بکات لە 27ـی تشرینی یەکەم، چونکە پێشبینی دەکرێت ئێران بە سەتان مووشەکی بالیستیک وەڵام بداتەوە.
هەڵکشانی گرژییەکان یان راگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە رووی سیاسییەوە دەکرێت لە بەرژەوەندیی نەتەنیاهوودا بێت و رێگری لە نەیارەکانی بکات لەوەی لە قۆناخی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا هێرشی سیاسیی بکەنە سەر.



