رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، زنجیرەیەک لێدانی ئامانجدار و چڕیان بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی حووسی لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە ئەنجامداوە، ئەمەش ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی لە یەمەن و سەرانسەری ناوچەکەدا قووڵتر کردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، مەجید نوزەیلی، گوتەبێژی سەربازیی هێزەکانی حکومەت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان هێرشیانکردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە سەنعای پایتەخت، پارێزگای سەعدە لە باکووری رۆژئاوا کە بە مۆڵگەی سەرەکیی گرووپەکە دادەنرێت، هەروەها لە پارێزگای تەعیز لە باشووری رۆژئاوای وڵات.
یەمەن لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە، دوای چەندین ساڵ لە ئارامی، دووبارە کەوتەوە نێو شەڕی نێوخۆیی لە نێوان حووسییەکانی سەر بە ئێران کە بەشێکی زۆری باکووری رۆژئاوا لە نێویاندا سەنعای پایتەختیان لەژێر دەستدایە و حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بە پشتیوانیی سعودیە کە بنکەکەی لە عەدەنە و ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵات کۆنترۆڵ دەکات.
هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئارامکۆ لە ریاز و بۆردوومانکردنی سەنعا
ئەم هێرشانەی سوپای یەمەن چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە حووسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشکردنە سەر کێڵگەیەکی نەوتی لە نزیک ریازی پایتەختی سعودیە راگەیاند. پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کرد، ئاگر و دووکەڵی لە پاڵاوگەی ئارامکۆ لە باشووری ریاز بینیووە، هاوکات ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پۆلیس لە دەوروبەری دامەزراوەکە جێگیرکرابوون.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان درەنگانی شەوی شەممە پشتڕاستی کردەوە کە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەیەکی ئارامکۆیان لە ریاز بەئامانج گرتووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
لە بەرامبەردا، کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە 26 هێرشیان کردووەتە سەر سەنعا، هاوکات شاهیدحاڵ و پەیامنێرانیش لە سەنعا گوێبیستی دەنگی تەقینەوەی بەهێز بوون و بینینی فڕۆکە جەنگییەکانیان پشتڕاستکردەوە.
حووسییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە شەوی پێنجشەممە بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە تەمووز، ریاز سەنعای بۆردوومان کردووە و رۆژی شەممەش تۆڕی پەیوەندییەکانی سەعدە بە مووشەک لێیدراوە.
شەڕی کۆنترۆڵکردنی تەعیز و تەنگەی بابولمەندەب
پێکدادانەکان لە دوای ئەوە زیادیانکرد کە مانگی رابردوو حووسییەکان لە هێرشێکی خێرادا تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەبیان کۆنترۆڵکرد و گەمارۆی دەریاییان بەسەر گواستنەوەی دەریایی سعودیەدا سەپاند.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەقی شەڕەکە لە شاری تەعیز بووە، کە سێیەم گەورەترین شاری یەمەنە. شەڕەکە لە چەند بەرەیەک لە بەرزاییەکانی دەوروبەری ئەو کەناراوانەی حووسییەکان کۆنترۆڵیان کردووە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی هەینی لە بەرەکانی تەعیز، حووسییەکان کوژرانی 55 چەکداری خۆیان راگەیاند، سەرچاوەکانی حکومەتیش گیانلەدەستدانی 26 سەربازیان پشتڕاستکردەوە. حووسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەی فراواندا گرتووە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ناوەندی شاری تەعیز کۆنترۆڵ بکەن.
حووسییەکان باسیان لەوەش کرد کە سعودیە لە 24 کاژێردا 94 لێدانی ئاسمانیی بۆ سەر ناوچەکانیان ئەنجامداوە، هاوکات دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، مووشەکێکی حوسییەکان زیانی بە قوتابخانەیەک لە شاری نەجران لە نزیک سنووری یەمەن گەیاندووە. لەم نێوەندەدا راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ریاز داوای یارمەتیی راستەوخۆی سەربازیی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.
هۆشداری لە کارەساتی برسییەتی؛ سێ لەسەر چواری دانیشتووان پێداویستیی خۆراکیان نییە
ئاڵۆزییەکانی ئێستا کاتێک دەستیپێکردەوە کە دوای چوار ساڵ لە ئاگربەست، فڕۆکەیەکی ئێرانی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە سعودیە (کە پێچەوانەی رێکاری 10 ساڵی رابردوو بوو) شاندێکی حووسییەکانی گەیاندە سەنعا. ریاز بە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا وەڵامی دایەوە و ئەوەش بووە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعودیە بۆ یەکەمجار لە دوای 2022ـەوە.
دەستپێکردنەوەی شەڕ قەیرانی مرۆیی لە یەمەن قووڵتر کردووەتەوە؛ پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری دا کە سێ لەسەر چواری دانیشتووانی یەمەن ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆراکی رۆژانەیان دابین بکەن.
