رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی جەنگێکی گشتگیر لە کەرتی غەززە و هەنگاونان بەرەو دەرکردنی زۆرەملێی دوو ملیۆن فەلەستینی تەنیا لەسەر کات ماوەتەوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کە بە لێدوانە تووندەکانی ناسراوە، پێش هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم و لە وەڵامی رەخنەی بەربژێرێکی دیکەی باڵی راستڕۆ ئەم قسانەی کرد.
کاتس ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلدا دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، 70%ـی رووبەری کەرتی غەززە لە دانیشتووانەکەی چۆڵکراوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد کە ئەو ئاگربەستەی لە تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیێندرا، "بەهایەکی باڵای بۆ سەرجەم ئیسرائیلییەکان هەبوو" لە رێگەی ئازادکردن و گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دەستەبەرکردنی "پابەندبوونی ئەمریکا" بە داماڵینی چەکی حەماس.
کاتس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە سوپای ئیسرائیل کرد و گوتی: "هەموومان تێدەگەین کە ئەمە روونادات و سوپای ئیسرائیل ئامادەیە؛ هەر کە فەرمانی لەنێوبردنی حەماسی پێبگات، کارەکە تەواو دەکات تاوەکو بتوانین پلانی کۆچپێکردنەکەش جێبەجێ بکەین."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم مانگەدا گوتبووی کە وڵاتەکەی ئامادەیە لە رێگەی دەریا و وشکانییەوە فەلەستینییەکان لە غەززە دەربکات، بەڵام چاوەڕێی ئەمریکایە، کە بە وتەی کاتس، واشنتن تاوتوێی ئەوە دەکات ئەو دوو ملیۆن کەسە بەرەو کوێ ببرێن.
لەلایەکی دیکەوە، مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل هەبوونی هەر پلانێکی بۆ "دەرکردنی خەڵک لە غەززە بە پێچەوانەی ویستی خۆیان" رەتکردەوە.
کاتس پێشتر گوتبووی، پلانی کۆچپێکردنەکە "ئارەزوومەندانە"یە و باسی لەوە کردبوو کە زۆربەی فەلەستینییەکان خۆیان دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن.
بەهۆی جەنگەوە، نزیکەی تەواوی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئاوارەی نێوخۆ بوون و زۆربەی ژێرخان و باڵەخانەکانی ئەو کەرتەش بوونەتە وێرانە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا کار دەکات، لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 73 هەزار و 700 کەس لە غەززە کوژراون.
هەرچەندە ئاگربەستە 11 مانگییەکە ئاستی تووندوتیژییەکانی کەمکردووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر غەززە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، هەزار و 375 فەلەستینی کوژراون.
لە کۆتایی مانگی تەممووزدا بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی بۆ چەکدانان دەربڕی، ئەوەش هەنگاوێک بوو کە ترەمپ وەک دەستکەوتێکی گەورە ناوی برد.
بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قۆناخی نوێی ئەو پلانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە هیچ کشانەوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە روونادات، تاوەکو بزووتنەوەی حەماس بە شێوەیەکی پشتڕاستکراوە هەموو چەکەکانی دانەنێت.



