رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باشوور خەریکی هەڵسەنگاندنی ناردنی هێزی سەربازییە بۆ تەنگەی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشاری خستە سەر سیئۆل بۆ ئەوەی لەو چوارچێوەیەدا هاوکاریی واشنتن بکات.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، چەند بژاردەیەک تاوتوێ دەکەن، لەوانەش ناردنی کەشتییەکی جەنگی بۆ تەنگەکە. بەرپرسێکی باڵای کۆریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "بەپێی رێکارە یاساییە نێوخۆییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمنیی نیمچەدوورگەی کۆریا، پێداچوونەوە بۆ ئەم پرسە دەکەین."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. وەک بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێ، لەوانە هەرێمی کوردستان، کوێت، بەحرێن و قەتەر. رۆژی 2ی ئاداریش، تاران تەنگەی هورمزی داخست.
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20٪ی کۆی هەناردەی جیهان بوو لە رۆژێکدا، بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە بە تێکڕا رۆژانە کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی پێدا هەناردەکراوە.
لەو ساتەوە چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆریای باشوور و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی واشنتن کردووە لە کردنەوەی تەنگەکەدا هاوکارییان بکەن، بەڵام ئەوان گوتویانە، تاوەکو دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە ئامادەی ناردنی هێز بۆ ئەو ناوچەیە نین.
هەر بڕیارێک بۆ ناردنی هێز کاریگەری لەسەر پێگەی لی جێ میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور دەبێ، کە ئێستا ئاستی جەماوەریی لە نزمترین ئاستی مێژووییدایە و گەیشتووەتە 38.9٪. بەپێی راپرسییەکی دەزگای گاڵۆپ، 55٪ی هاووڵاتییانی کۆریای باشوور دژی ناردنی کەشتیی جەنگین بۆ هورمز.
بەکارهێنانی مانۆڕە سەربازییەکان وەک کارتی گوشار
رۆژی 16ی ئاب، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە سیئۆل گرت و لە هەنگاوێکی کتوپڕدا بڕیاری دا ئاستی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باشوور کەم بکاتەوە. ترەمپ رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی "پەیوەندی بەوەوە هەیە" کە سیئۆل رەتی کردووەتەوە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکات.
بەرپرسانی واشنتن نیگەرانن لەوەی کە ساڵێک بەسەر رێککەوتنی وەبەرهێنانی 350 ملیار دۆلاریی کۆریای باشوور لە ئەمریکادا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا سیئۆل هیچ پڕۆژەیەکی کردەیی پێشکەش نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ گوشاری هاوشێوەی نەخستووەتە سەر ژاپۆن، چونکە تۆکیۆ پێشوەختە پابەندییەکانی خۆی لە بواری وەبەرهێناندا جێبەجێ کردووە.
کۆریای باشوور سێیەم گەورە کڕیاری گازی سروشتیی شلکراوەیە لە جیهاندا و وابەستەیەکی تەواوی بە وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، 70٪ی نەوتی خاو و 20٪ی گازی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەڕۆیشت و نزیکەی هەموویشی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی.



