رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، سزای بەسەر دامەزراوەیەکی دارایی تورکیادا سەپاندووە، ئەوەش وەک بەشێک لە نوێترین هەوڵەکانی واشنتن بۆ بڕینی "شادەماری دارایی" ئێران.
سەپاندنی سزا بەسەر بانکی (گۆڵدن گڵۆباڵ)ـی تورکیادا نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی، 04-09-2026، بێسێنت گوتی: "دەبێ دامەزراوە داراییەکان لەوە تێبگەن کە ئێمە جیدین. هیوادارین پێویست نەکات سزای بانکی زیاتر بدەین، بەڵام ئەوە بەوەوە بەستراوەتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەی دەگەڕێتەوە سەر هۆشی خۆی و دەست لە پشتگیریکردنی ئەم رژێمە سەرکوتکارەی ئێران هەڵدەگرێ."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی: "لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکار بەرامبەر بەرپرس و دامەزراوەکانی ئێران."
لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا، هەفتەی رابردوو، ئەمریکا چالاکییەکانی سەرجەم لقەکانی بانکی میسری (کە دووەم گەورەتریین بانکی میسرییە) لە ئیمارات کردە ئامانج، بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بانکی (گۆڵدن گڵۆباڵ)ـی بەوە تۆمەتبارکرد رێگەی خۆشکردووە "بۆ تۆڕی (رێبەر)ی ئێران تاوەکو داهاتی نەوت لە چینەوە بۆ تورکیا بگوازێتەوە، لەوێشەوە لەلایەن ئاڵوگۆڕکارانی دراوی سەر بە (رێبەر)ەوە بگۆڕدرێ بۆ کاش و زێڕ."
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی گۆڵدن گڵۆباڵ "بە مەبەست خزمەتگوزاریی بانکی بۆ دامەزراوە داراییەکانی ئێران دابین کردووە و رێگەی بە ئەنجامدانی مامەڵە داوە لە رێگەی ئەو هەژمارانەی لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و بریکارەکانیەوە کۆنترۆڵکراون، لەنێویاندا هەژمارەکانی سەدقی ئایان، بازرگانی تورکیا و کۆمپانیاکانی."
سەدقی ئایان لە ساڵی 2022دا لەلایەن واشنتنەوە بە تۆمەتی گواستنەوەی سەتان ملیۆن دۆلار پەیوەست بە "فرۆشتنی نەوتی فەیلەقی قودس" سزادرابوو.



