رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە پەککەوتنی، جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیپێکردووەتەوە. بەگوێرەی سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی نەوتی خاو لە کۆمپانیای کێپلەر، ئێستا جووڵەی نەوتی کەنداو گەیشتووەتەوە نزیکەی 70%ی ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگ.
هۆمایون فەلەکشاهی، سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی نەوتی خاو لە دامەزراوەی کێپلەر، رۆژی پێنجشەممە کە میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، رایگەیاند، زیادبوونی جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا بە روونی هەستی پێدەکرێت، هەرچەندە هێشتا چالاکییەکان کەمتر ئاستی ئاسایی خۆیاندان.
فەلەکشاهی ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی ئابدا، رۆژانە نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە لە کەنداو هەناردە کراوە، لەکاتێکدا پێش جەنگ ئەم بڕە (بەبێ هەژمارکردنی نەوتی ئێران) نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
بەڵام ئەگەر ئەو نەوتە خاوەشی بۆ زیاد بکرێت کە لە رێگەی بۆرییەکانەوە بۆ بەندەرەکانی (فوجەیرە) لە ئیمارات و (یەنبوع) لە سعودیە دەگوازرێتەوە، ئەوا بڕی ئەو نەوتەی دەگاتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
فەلەکشاهی گوتی، "بەو پێیە بێت، ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ نزیکەی 70%ی ئەو بڕەی پێش جەنگ هەبووە." ئەمەش جیاوازییەکی گرنگ نیشان دەدات؛ هەرچەندە ژمارەی کەشتییەکان زۆر کەمترە لە پێش جەنگ، بەڵام بڕی ئەو نەوتەی دەگوازرێتەوە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
کەشتی نەوتیەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام جووڵەکە هێشتا زۆر کەمە
بەگوێرەی داتاکانی کێپلەر، ئێستا نزیکەی 20 کەشتی نەوتی لە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆ دەکەن. ئەمە هێشتا بەراورد بەو 100 بۆ 120 کەشتیەی کە پێش جەنگ رۆژانە بەم رێڕەوە ستراتیژییەدا تێپەڕ دەبوون، دابەزینێکی گەورەیە.
فەلەکشاهی دەڵێت، "بۆ بازاڕی نەوت ئەمە گرنگە، چونکە ئێمە بۆ ئاستی 70% گەڕاوینەتەوە."
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی نیشانی دەدەن چاکبوونەوەکە هێشتا لەرزۆکە. بۆ نموونە لە 2ی ئەیلوولدا تەنیا شەش کەشتیی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە ئەمەش کەمترە لە تێکڕای 10 رۆژی رابردوو کە 13 کەشتی بووە. ئەم جیاوازییە لە ژمارەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک کەشتی ئامێرەکانی ناسینەوە (AIS) دەکوژێننەوە، بۆیە هەموو جووڵەکان بە ڕوونی لە سیستەمە گشتییەکاندا نابینرێن.
گواستنەوەی نەوت خێراترە لە گاز و پترۆکیمیایی
بەرزبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز وەک یەک نییە. لەکاتێکدا جووڵەی کەشتییەکانی نەوت زیادی کردووە، بەڵام گواستنەوەی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) و ماددە پترۆکیمیاییەکان هێشتا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.
فەلەکشاهی روونی دەکاتەوە، "بۆ کەرتەکانی پترۆکیمیایی و گازی شلکراوە، جووڵەکە هێشتا زۆر کەمترە لە چاو پێش جەنگ." ئەمەش واتا گەڕانەوەی نەوت بەتەنیا بە واتای ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز نایەت.
کەشتییەکان لە سیستەمی چاودێری ون دەبن
بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، زۆر لە کەشتییەکان شێوازی هاتووچۆیان گۆڕیوە. فەلەکشاهی دەڵێت، زۆر لە کەشتییەکان هەوڵدەدەن بەبێ ئەوەی ببینرێن تێپەڕ بن، ئەوەش لە رێگەی کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ناسینەوە و تێپەڕبوون لە شەودا بە بێ گیرساندنی لایتەکانیان.
فەلەکشاهی مەزەندە دەکات کە نزیکەی 90%ی کەشتییەکان ئامێرەکانی ناسینەوەیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی بۆ ئێران گران بێت چاودێرییان بکات یان هێرشیان بکاتە سەر. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە رۆڵی هەبووە لە دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکان بەردەوامن؛ لە 31ی ئاب هێرشکرایە سەر کەشتی نەوتیێکی سعودی و بووە هۆی کوژرانی دوو دەریاوانی فلیپینی. هەروەها تاران لیستی رەشی ئەو کەشتییانەی کە قەدەخەن تێپەڕ بن لە 45 کەشتییەوە بۆ 56 کەشتی زیاد کردووە.
هەناردەی نەوتی ئێران بە کردەیی سفر بووەتەوە
ئەم بەرزبوونەوەیە لە هەناردەکردنی نەوتی کەنداو، ئێرانی نەگرتووەتەوە. فەلەکشاهی رایگەیاند، هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بە کردەیی گەیشتووەتەوە سفر.
ئەمە جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان ئێران و بەرهەمهێنەرانی دیکەی کەنداو دروستکردووە؛ لەکاتێکدا وڵاتانی دیکە هەناردەیان دەستپێکردووەتەوە، نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا نەماوە، ئەمەش گوشاری زۆری خستووەتە سەر ئابووریی تاران.
عێراق بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە
عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەریکە لەو پەککەوتنە توندەی بەهۆی ململانێکانەوە تووشی ببوو، رزگاری دەبێت.
فەلەکشاهی گوتی، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کە لە کاتی قەیرانەکەدا زۆر دابەزیبوو، ئێستا گەیشتووەتەوە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش جەنگ زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل بووە. گوتیشی، "عێراق پێش جەنگ رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، ئەم بڕە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل دابەزی، بەڵام ئێستا گەیشتووەتەوە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەناردەی عێراق گەیشتووەتەوە 60%ی ئاستی پێش جەنگ.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هەناردەی عێراق لە مانگی ئابدا بۆ 2.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی تەمموزدا تەنیا 1.35 ملیۆن بەرمیل بووە. ئەمەش بەهۆی باشتربوونی دۆخی تەنگەی هورمز و ئەو داشکاندنە زۆرەی عێراق بۆ کڕیارانی نەوتەکەی کردوویەتی.

