رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی بۆسەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانیان ئاڕاستەی 75 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە جۆری (ئی ئەی 18 جی) بەردەوامن لە فڕین بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو گەمارۆکە بەردەوام بێت.
پەکخستن و چوونە نێو کەشتییە بازرگانییەکان
سێنتکۆم ئاماری نوێی رێکارە ئەمنییەکانی بۆ سەپاندنی گەمارۆکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تاوەکو رۆژی 27ی ئاب، جگە لە گۆڕینی ئاڕاستەی 75 کەشتیی بازرگانی، هێزەکانی ئەمریکا 3 کەشتیی بازرگانییان لە رێڕۆ ئاوییەکەدا پەکخستووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان چوونەتە نێو دوو کەشتیی دیکە تاوەکو لە جێبەجێکردنی بڕیاری گەمارۆکە و رێنماییە ئەمنییەکان دڵنیا ببنەوە.
سەپاندنی گەمارۆی دەریایی سەرتاسەری بەسەر بەندەرەکان و هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەشێکە لە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) لە جەنگی سەربازیی هەڵگیرساوی نێوان واشنتن و تاران.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران دوو قۆناخی سەرەکی هەبوو. قۆناخی یەکەم لە 13ی نیسانی 2026 دەستی پێکرد، کاتێک واشنتن بڕیاری دا هاتووچۆی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران سنووردار بکات. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بوو بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و هێرشەکانی تاران لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی شوباتی 2026.
لەم ماوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا ئاڕاستەی زیاتر لە 140 کەشتییان گۆڕی و 9 کەشتیشیان پەکخست.
ئەم گەمارۆیە تاوەکو 18ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام بوو و ئەوکات هەڵگیرا، دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران کە وەک ئاگربەستێکی کاتی کاری دەکرد و تارانیش بەڵێنی کردنەوەی تەنگەی هورمزی دا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئەمریکا جارێکی دیکە گەمارۆکەی سەپاندەوە. لە 13ی تەممووزی 2026 سێنتکۆم رایگەیاند کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، گەمارۆکە لە 14ی تەممووزەوە دەستپێدەکاتەوە.
ئەم قۆناخەی دووەم تاوەکو ئێستا بەردەوامە و هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و فڕۆکە جەنگییەکان چاودێری تووند دەکەن. ئامانجی سەرەکی رێگریکردنە لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران.

.jpg&w=3840&q=75)
